لە بەسرە بە پاراگلایدەر حەبی هۆشبەر دەهێنرێتە نێو عێراق

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هەوڵی بەقاچاخهێنانی حەبی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای بەسرە بڵاوکردەوە، کە هەوڵدراوە لە رێگەی پاراگلایدەرەوە یەک ملیۆن حەبی هۆشبەر بگوازرێتەوە.
 
رۆژی هەینی 03-06-2022 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: ''لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری بە بوونی فڕۆکەیەک لە ئاسمانی ناوچەی جرێشان لە پارێزگای بەسرە، بەپەلە تیمێک لە هەواڵگری و لیوای 14ی پاسەوانی سنوور گەیشتوونەتە ناوچەکە و تەقە لە فڕۆکەوانەکە کراوە و بە ناچاری نیشتووەتەوە''.
 
بەپێی ئەو وێنانەی، کە وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ هەواڵەکە بڵاویکردوونەتەوە، ئەوەی حەبەکانی هەڵگرتووە، پاراگلایدەرە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای گەیشتنی تیمەکانمان بۆ شوێنی سووڕانەوەی فرۆکەکە، تەقەیان لێکردووە و فڕۆکەوانەکە نیشتووەتەوە و بەرەو سنووری وڵاتێكی دراوسێ هەڵاتووە".
 
هەواڵگریی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، قاچاخچییەکان مەبەستیان بووە ئەو حەبە هۆشبەرانە، کە یەک ملیۆن دانە بووە، بگەیێننە نێو عێراق. ئێستاش لێکۆڵینەوە دەکەن لە سەرچاوە و وەرگری ئەو حەبە هۆشبەرانە.