رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزیری دارایی عێراق نایەتە پەرلەمان و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "[عەلی عەللاوی،] وەزیری دارایی عێراق ئامادە نییە بێتە پەرلەمان و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت؛ بۆیە لە بەرامبەر لێپرسینەوەدا هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی کردووە".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزیری دارایی پێیوایە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە پەرلەمان سیاسین، بۆیە نایەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت".
ئەحمەد سەفار بە دووری دەزانێت "لێپرسینەوە لە هیچ وەزیرێک بکرێت"، چونکە وەکو باسی دەکات، لایەنەکان ئامادە نین لێپرسینەوە لە وەزیرەکانیان بکرێت و "هەر کاتێک هەوڵی لێپرسینەوە لە وەزیرێک دەدرێت، لایەنەکان بایکۆتی کۆبوونەوە دەکەن، بەمەش رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێت".
لای خۆیەوە جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەبەر پشکپشکێنەی سیاسی و تائیفی لە عێراقدا لادانی وەزیر کارێکی زۆر قورسە. ئەگەر وەزیرێک لاببرێت، ئەوا دەبێت وەزیرەکانی دیکەش هەمان هەنگاویان بەرامبەر بگیرێتەبەر، ئەگەرنا لایەنێک بە تەنیا رازی نابێت. بنەمایەک هەیە کە ئەویش بریتییە لەوەی ئەگەر لێپرسینەوە لە وەزیرەکەی من بکەیت، ئەوا منیش لێپرسینەوە لە وەزیرەکەی تۆ دەکەم".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، "تەنیا لە یەک حاڵەتدا وەزیر لادەبرێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کارێکی زۆر روون و گەورەی نەرێنیی کردبێت، خیانەت یان دزییەکی روون و ئاشکرای کردبێت".
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 01-06-2021، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی، کۆبوونەوەکە نەکرا.
ئەوکات هۆشیار قەرداخ، بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، کە تەنیا 117 پەرلەمانتار ئامادەبوون، کۆبوونەوەکە نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ