گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

لە موسڵ عەرەبێک ماڵەکەی دەکاتە مۆزەخانە و 5000 کەرەستە و کەلوپەلی کەلەپووری و کۆنی تەواوی پێکهاتەکانی موسڵی کۆکردووەتەوە، کە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردیشی تێدایە. ئەو هاووڵاتییە هەرکەسێک سەردانی ماڵەکەی بکات، وێنەیەکی یادگاری و بەرواری رۆژەکە لە دەفتەرێکدا دەنووسێت و واژۆی کەسەکە وەردەگرێت.
 
فەخری سلێمان ئەڵتائی تەمەنی 57 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی عگیداتە لە بەشی راستی موسڵ، پێشتر لە سوپای عێراق ئەفسەر بووە و لە ساڵی 2003وە خانەنشین بووە، ئەو بە رووداوی گوت، ساڵانێکە خۆی بۆ خزمەتکردنی شارەکەی تەرخانکردووە.
 
ئەو هاووڵاتییەی موسڵ ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 5000 کەلوپەل و کەرەستەی جۆراوجۆری کەلەپووری و کۆنی شارەکەی لە ماڵەکەیدا کۆکردووەتەوە، پارچەی تێدایە تەمەنی بۆ 140 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "لە 2018 لە دوای گەڕانەوەم بۆ مووسڵ، سەرەڕای بوونی ئەمن و ئاسایش، بەڵام شارێکی مێژوویی وێرانم بینی، بۆیە وەک خزمەتێک بە شارەکەم بڕیارمدا بەشێک لە مێژووی ئەو شارە بپارێزم و بە بڕی 50 ملیۆن دیناری عێراقی ئەو کەلوپەلانەم کڕیەوە و لەلای خۆم دەیانپارێزم و بۆ فرۆشتن نین".
 
هیچ کەسێک هاوکاریی فەخری سلێمان ئەڵتائی نەکردووە، جگە لە چەند کەسێک نەبێت کە چەند پارچەیەکی دەگمەنیان بە دیاری بۆ هێناوە، بۆئەوەی لەلای خۆی بیانپارێزێت، ناوبراو باسی لەوە کرد "بۆ من هەموو پێکهاتەکان وەکو یەکن، چ عەرەب یان کورد یان تورکمان یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە، جیاوازی لەنێوانیاندا ناکەم و هەموویانم خۆشدەوێت، چونکە ئەوان لە پێکهاتەی شارەکەمن".
 
ئەڵتائی کە ئێستا لە هەولێر دەژی، باس لە ئامانجی ئەنجامدانی ئەو کارە دەکات و دەڵێت، لە کارەکەیدا دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان بۆ ئەوەیە نەوەی داهاتوو بە مێژووی شارەکەیان و کەلەپووری باب و باپیرانیان ئاشنا بکات، دووەمیان پەیامێکە بۆ حکومەتی ناوەندی و خۆجێیی شارەکە کە تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێکی لەم جۆرەی تێدا نەماوە و پێویستە ئاوڕێکی لێ بدەنەوە.
 
وەکو خۆی دەڵێت "هەموو شتێک لای من خۆشەویستییەوە، رۆژێک جلوبەرگی کوردی، رۆژێک جلوبەرگی عەرەبی و رۆژێک جلوبەرگی کریستیانەکان دەپۆشم"، باسی لەوەش کرد، لەڕێگەی ئەو کارەیەوە دەیەوێت شارستانیەتی شارەکەی نیشانبدات.
 
لەدوای هاتنی داعش بۆ شارەکە، ئەڵتائی لەگەڵ خێزانەکەی موسڵیان جێهێشت، لەکاتی گەڕانەوەشی بینیی ماڵەکەی تاڵان کراوە. بە گوتەی خۆی، ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی و زێڕی هاوژینەکەی فرۆشتووە بۆئەوەی مۆزەخانەکە لە ماڵەکەیدا دروستبکات.
 
ئەو هاووڵاتییە موسڵییە گوتیشی "ئەگەر حکومەت مۆزەخانەیەک بکاتەوە، هەموو کەلوپەلەکانم پێشکێشی دەکەم".