رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیدا و لەبەردەم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێک لە سەرکردەکانی دیکەدا هەشت داواکاریی خستەڕوو. یەکێکیان پەیوەست بوو بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە.
لە 21 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەیدا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە بەغدا گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بە چەند پرسێک کرد، بەشێک لەو "ئاڵنگارییانە"ی خستنەڕوو کە لە عێراقدا هەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش یەکێک بوو لەوان.
قەیس خەزعەلی گوتی، "دیارترین ئەو ئاڵنگارییانە پوخت دەکەمەوە کە پێمان وایە تێڕوانینمانن لە قۆناخی ئێستادا. ئاڵنگاریی یەکەم، دەرکردنی هێزە سەربازییە بیانییەکانە، لە سەروویانەوە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی تورکیا. دووەم، بەدیهێنانی سەروەریی نەختینە و دواتر تەواوکردنی سەروەریی ئابووریی، بەوەی عێراق بڕیاری تەواوی لەدەست بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ پارەکەی بەپێی بەرژەوەندییەکانی. سێیەم، بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تووندی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و گێڕانەوەی ئەوەی دزراوە، بەتایبەت لە حکومەتی پێشوو و لێپرسینەوە لەو کەسانەی تێوەگلاون تێیدا، دوور لە گوشار و کاریگەرییە سیاسییەکان."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوە کرد، "چوارەم، بەردەوامبوون لە کاراکردنی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت بەو پێیەی هەلی کار بۆ رۆڵە و براکانمان و ژیانی شکۆمەندانە بڕەخسێنێت. پێنجەم، چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق. شەشەم، بەدیهێنانی ئاشتەواییەکی کۆمەڵگەیی راستەقینە لەو ناوچانەی رووبەڕووی تاوان و و تیرۆری داعش بوونەتەوە لەرێگەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ شوێنەکانیان، جگە لەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی عێراق سوورە."
قەیس خەزعەلی پرسی مووچەی مووچەخۆرانیشی باسکرد و گوتی، "حەوتەم، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی رۆڵەکانی گەلی بەڕێزی کوردستان، بەو شێوەیەی ژیانی شکۆمەندانیان بۆ دەستەبەربکات بەو پێیەی هاووڵاتی عێراقین و دەستوور مافەکانی پاراستوون. هەشتەم، یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کە زۆر دواکەوتووە و داوا لە هێزە سیاسییە بەڕێزەکانی سوننەکان دەکەم هەوڵبدەن بۆ یەکخستنی ریزەکانیان و رێکبکەون بۆ ئەوەی ئەو پۆستە سەرچاوەی هێز بێت بۆ عێراق کە دەسەڵاتێکە ئەرکێکی گرنگی هەیە کە یاسادانان و چاودێریکردنە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ