رێکخراوێکی عێراقی: ساڵی رابردوو 333 پێشێلکاری دژی رۆژنامەڤانان کراون

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوێکی تایبەت بە ئازادیی رۆژنامەڤانی لە عێراق دەڵێت، لە ساڵێکدا 333 پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن کراوە، 98یان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون، "رێگری  و لێدان" لە زۆرترین پێشێلکارییەکان بووە. بەغدا، هەولێر و بەسرە زۆرترین پێشێلکارییان تێدا کراوە.
 
کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەڤانی لە عێراق بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ئازادیی رۆژنامەڤانی بەناونیشانی "سێ دەسەڵاتەکە گەمارۆی چوارەم دەدەن، دادگەکان بە یاساکانی سەدام سزاکانیان زیاد دەکەن،" بڵاوکردەوە.
 
راپۆرتەکە لە 26 لاپەڕە پێکدێت و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە راگرتن و دەستگیرکردن و راوەدوونانی یاسایی و هەراسانکردنی جۆراوجۆر بۆ راگرتنی پەخش و رووماڵەکان لەو ماوەیەدا زیادیانکردووە، ئەوەش بەپێی رێکخراوەکە: "نیگەرانییەکانی سەر ئازادی کاری رۆژنامەڤانی، کە خۆی خراپە زیاتر دەکات."
 
رێکخراوەکە 333 پێشێلکاریی جۆراوجۆری تۆمار کردووە، کە بریتین لە: "راگرتن، دەستگیرکردن، بریندارکردن، هەڵکوتانە سەر بارەگای دەزگاکانی راگەیاندن و ماڵی رۆژنامەنووسان، لێدان، راگرتن، رێگرتن، لەگەڵ تۆمارکردنی سکاڵا."
 
- راگرتن و دەستگیرکردن: 53 
- بریندارکردن: 6 
- هێرشی چەکداری: 12
- رێگرتن و لێدان: 232
- تۆمارکردنی سکاڵا: 22 
- پێشێلکاریی دیکە: 8 
 
زۆرترینی پێشێلکارییەکان دژ بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن لە بەغدا بووە، کە 66 پێشێلکاریی تێدا کراوە، دوای ئەو هەولێر بە 64 پێشێلکاری و پاشان بەسرە بە 54 دێن. هەروەهە لە سلێمانی 25 پێشێلکاری، دهۆک بە 9، کەرکووک 29، نەینەوا 32، ئەنبار 15، موسەننا 11، میسان 9 پێشێلکاری کراون.
 
مستەفا ناسر، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادیی رۆژنامەنووسی لە عێراق بە رووداوی گوت :"لە پێشێلکارییە نوێیەکان دەسەڵاتدارانی عێراق پێشێلکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان و داخستنی ژمارەیەک وێبسایتی هەواڵی و ژمارەیەک پەیجی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییە بەشێوەی نهێنی، بەبێ ئەوەی هیچ دەستە یان قەوارەیەکی حکومەت قسەیان لەسەر بکات.".
 
بەپێی ئاماری رێکخراوەکە مانگی نیسانی ئەم ساڵ زۆرترین پێشێلکاریی تێداکراوە، کە 57 پێشێلکارییە، دوای ئەوە مانگی ئابی 2023 دێت کە 47 پێشێلکاریی تێدا کراوە، ئاداری ئەم ساڵ 34 پێشێلکاری، ئایار و ئەیلوولی ساڵی رابردووش 28 پێشێلکارییان تێدا کراوە.
 
ئەو لایانانەی زۆرترین پێشێلکارییان دژ بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، بەپێی رێکخراوەکە، هێزەکانی ئەمنین کە 233 پێشیلکارییان کردووە، دوای ئەوان دەزگاکانی حکومەت کە 70 پێشێلکارییان کردووە. گرووپە چەکدارەکانیش هەڕەشەی پێنجەمن لەسەر راگەیاندن.
 
سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت :"رێکخراوەکانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئازادییەکان لە ساڵانی رابردوو بایەخی زۆیان بە دیموکراسییەت و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەڤانی و مافەکانی مرۆڤ دەدا، بەڵام ئێستا لە ئاست ئەو پێشیلکاری و سەرکوتکردنانە بێدەنگن."
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، رێکخراوەکە نۆ راسپاردە ئاڕاستەی پەرلەمان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەڤانی دەکات، لەنێویاندا دامەزراندنەوەی دادگەی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە، پەسندکردنی ژمارەیەک یاسا لەلایەن پەرلەمانەوە، گوشارکردنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەڤانانەی لە گرتووخانەکانی هەن.