رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن بە مووشەکی جۆری کرووز هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی مۆساد لە ئیسرائیل.
گرووپەکە لە دوو راگەیێندراودا، کە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاوی کردوونەتەوە، رایگەیاندووە، شەوی پێنجشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەکی جۆری کرووز دوو شوێنی لە نێو ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
گرووپەکە رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی هێرشیانکراوەتە سەر، بارەگای هەواڵگریی "ئەبراهام" لە شارۆچکەی بیر سەبع و سەنتەری "گلیلۆت"ـی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل مۆساد لە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیلە، کە بۆ یەکەمجارە لەلایەن میلیشیاکانی عێراقەوە دەکرێنە ئامانج.
لەکاتێکدا سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی عێراق لە چەندین بۆنەی جیا ئەوەیان راگەیاندووە رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێندرێت، بەڵام گرووپە شیعەکان دەڵێن هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لە عێراقەوە کراوە و گرتەی ڤیدیۆیی ئاڕاستەکردنی مووشەکەکانیشی بڵاوکراونەتەوە.
گرووپەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هێرشەکەی بەهۆی "ئەو تاوانانەی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان دەیانکات" کردووە.
رۆژی هەینی 26-04-2024، گرووپەکە لە تەلەگرامی خۆی بڵاویکردەوە، لە 200 رۆژدا 90 هێرشیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. 88 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە. 65 ئامانجیشیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێکاوە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد.
دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
گرووپە چەکدارەکەی شیعەکان ماوەیەکە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە، بە گوتەی خۆیان تاوەکو ئێستا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی ئیسرائیل، بەڵام هیچ کام لە هێرشەکانی ئەو گرووپە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ