رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى رایگەیاند، لە ماوەى شەش مانگى تەمەنى حکومەتى عێراقدا، 30%ـى بڕگەکانى کارنامەى سیاسیى پێکهێنانى حکومەتەکە جێبەجێکراوە. دەشڵێت: "بەر لە ساڵى 2016، زۆرینەى دانپێدانانەکان بەزۆر وەرگیراون".
رۆژی 3ـى ئایارى 2023، خەمیس جەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى لە دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە بەغدا رایگەیاند؛ لە دوایین کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت باس لە رێککەوتن کراوە لەسەر کاتەکانى جێبەجێکردنى خاڵەکانى کارنامەى سیاسى و وادەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
خەمیس جەنجەر ئاماژەى بەوەدا، کارنامەى رێککەوتنى سیاسى سەرجەم ئەندامانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت واژۆیان کردووە و هەموویان لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە پەیوەستن پێوەى بە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانیشەوە.
رۆژی 25ـى ئەیلوولى 2022؛ هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشداریى نوێنەرانى کورد، سوننە، شیعە و پێکهاتەکانى دیکە پێکهێندرا، کە بنەماى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق و بەشداریکردن بوو تێیدا. هەمووان لەسەر کارنامەیەکى سیاسى رێککەوتن، کە داواکاریی بەشداربووانی هاوپەیمانییەکە بوو.
سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى جەختیکردەوە کە بڕگەکانى ئەو کارنامە سیاسییە مەرج نییە، بەڵکو تێڕوانینى هاوبەشی سەرجەم لایەنەکانە، تائێستاش لە ماوەى شەش مانگدا 30%ـى کارنامەکە جێبەجێکراوە. خەنجەر ئەوەی بە هەنگاوێکى "ئەرێنی" زانی.
هاوپەیمانیى سەروەریی نوێنەرایەتیی زۆرینەی سوننە دەکات، بەو پێیەی خاوەنی زیاتر لە 70 کورسین لە پەرلەمان. یەکێک لە داوا سەرەکییەکانیان بۆ بەشداری لە حکومەت هەموارکردنی یاسای لێبووردنى گشتییە، کە لە رێگەیەوە ژمارەیەکى زۆر لە بەندکراوانى سوننە ئازاد دەکرێن.
خەمیس خەنجەر گوتى: "بەگوێرەى رێککەوتنە سیاسییەکە؛ دەبێت یاسای لێبووردنى گشتیى هەموار بکرێتەوە کە دوو خاڵى گرنگی تێدایە، یەکەمیان تایبەتە بە هەڵگرتنى ستەم لەسەر ئەو کەسانەى کە کەوتوونەتە ژێر دەستى داعش، خاڵى دووەم ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە بکرێتەوە لەبەر ئەوەى بەر لە ساڵى 2016 زۆرینەى دانپێدانەکانەکان بەزۆر وەرگیراون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ