قەیس خەزعەلی: چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە رۆژانی جەژندا دەستپێشخەرییەکەی بۆ لایەنەکان دەنێرێت

03-05-2022
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  

قەیس خەزعەلی رایگەیاند، لە رۆژانى جەژنى رەمەزاندا چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستپێشخەرییەکەى دەنێرێت بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان. 
 
رۆژی سێشەممە 3ـی نیسانی 2022، لە گوتارى نوێژى جەژن، قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتیى بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستپێشخەریى پێشکێش کردووە و لە رۆژانى جەژندا دەینێرێت بۆ لایەنە سیاسییەکان. ئامادەیە کاری زیاتر بکات بۆ پێکهێنانى حکومەت.
 
ئەمیندارى گشتیى بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەق باس لەوەش دەکات، "ئەگەر سەرجەم لایەنەکان لەسەر بۆچوونى خۆیان بمێننەوە، واتاى ئەوەیە چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە نابێت کە ئێستا لە عێراق هەیە." 
 
بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەق یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان بەشدارن تیێدا. لە 1ـی نیسانى رابردوو دەستپێشخەریەکى بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسى خستەڕوو بە ئامانجى پێکهێنانى گەورەترین کوتلە لەگەڵ رەوتى سەدر.
 
قەیس خەزعەلی جەختیکردەوە، هەر چارەسەرێک بۆ دۆخى ئێستاى سیاسى عێراق بەبێ چارەسەرکردنى دەستوور لەوانە گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى، چارەسەرێکى لاوەکى دەبێت. گوتیشی، "دەستوور لە دۆخ و سەردەمێکدا نووسراوە و ئێستا دەستەوەستانە لە چارەسەرکردنى کێشەکانى وڵات." 
 
ئەمیندارى گشتیى بزوتنەوەى عەسائیبی ئەهلی حەق پێیوایە، زۆرینەى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردن متمانەى تەواویان بەوە هەیە کە ئەو ئەنجامەیان بەدەستنەهێناوە کە هەیانبووە و ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە بۆ هەندێک لایەنى سیاسى شۆک دەبێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە