لە 48 کاژێردا زیاتر لە 5,000 ئۆتۆمبێلی جام رەش لە عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە

03-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 48 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 5000 ئۆتۆمبێلی جام رەش لە عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، خاوەنەکانیان بە پێبژاردنی 200 هەزار دینار سزا دەدرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی نیسان، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکیدا گوتی: "لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا، لە 48 کاژێری رابردوودا توانرا دەستبەسەر 5183 ئۆتۆمبێلی جام رەشدا بگیرێت."
 
عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵمەتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاکانی دیکە کرا و سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە."
 
عەقید حەیدەر شاکر گوتیشی: "لەزگەی رەشی ئۆتۆمبێلەکان لێدەکەینەوە و لای خۆمان بە دەستبەسەرداگیراوی دەیانهێڵینەوە تاوەکو خاوەنەکانیان دێن و پێبژاردنەکە دەدەن، ئەوکات پێیان دەدەینەوە. بڕی پێبژاردنەکەش 200 هەزار دینارە."
 
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆ، لە عێراقدا زیاتر لە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە