دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیار لەبارەی سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدات

03-04-2021
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەبارەی سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانەوە، لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمارکراوە؛ ئێستا دوای کارابوونەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی، دادگەکە بڕیار لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدات.
 
بەهار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای هەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ژمارەیەک ئەنجوومەن و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ناکارایی دادگەی باڵای فیدراڵی ئەو پرسە دواخرا. ئێستا دوای کارابوونەوەی دادگەی باڵای فیدراڵی، جارێکی دیکە دادگەکە چاو بەو پرسەدا دەخشێنێتەوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پێشبینی دەکات دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات، چونکە ماوەکەیان تێپەڕیوە و دەبێت هەڵبژاردنی نوێیان بۆ بکرێت. 
 
بەهار مەحموود، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانە روونیکردەوە، "ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە دەستووردا ناوی هاتووە، بۆیە ناکرێت هەڵبوەشێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نادەستوورییە. بۆیە پەرلەمان تەنیا بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانی دابوو".
 
پەرلەمانى عێراق لە 18ـى ئاداری 2021دا پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی پەسندکرد، بەوەش دادگەکە جارێکى دیکە دەست بە کارەکانى دەکاتەوە، کە لە ناوەڕاستى ساڵی 2019وە بەهۆى نەمانی دوو لە ئەندامانی پەکیکەوت.
 
ناوی سەرۆک، جێگری سەرۆک و ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بەم جۆرەیە:
 
یەکەم: دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەریی بۆ پۆستی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی.
دووەم: دادوەر سەمیر عەباس، سەرۆکی دادگەی تاوانی ئەنبار، جێگری سەرۆکی دادگە.
سێیەم: دادوەر غالب عامر، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی واست، ئەندامی فەرمی.
چوارەم: دادوەر حەیدەر جابر، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەجەف، ئەندامی فەرمی.
پێنجەم: دادوەر ئەیوب عەباس، ئەندامی دادگەی پێداچوونەوە، ئەندامی فەرمی.
شەشەم: دادوەر حەیدەر عەلی نووری، سەرپەرشتیاری دادوەری کە دەبێتە ئەندامی فەرمی.
حەوتەم: دادوەر خەلەف ئەحمەد، ئەندامی دەستەی تێهەڵچوونەوە لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سەلاحەدین، ئەندامی فەرمی.
هەشتەم: دادوەر د. عەبدولڕەحمان سلێمان، سەرۆکی دادگەی تاوانەکانی دهۆک، ئەندامی فەرمی.
نۆیەم: دادوەر جاسم جەزا، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، ئەندامی فەرمی.
وەک لە راگەیێندراوکەدا هاتووە، ئەندامە یەدەگەکانی دادگەکە بریتین لە:
دەیەم:  دادوەر عادل عەبدولڕەزاق، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە، ئەندامی یەدەگ.
یازدەیەم: دادوەر خالد تەها، سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ، ئەندامی یەدەگ.
دوانزەیەم: دادوەر مونز ئیبراهیم، ئەندامی دادگەی پێداچوونەوە، ئەندامی یەدەگ.
سێزدەیەم: دادوەر تاهر سلێمان، سەرۆکی دادگەی نێوجەوانانی دهۆک، ئەندامی یەدەگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە