راوێژکارێکی پارێزگاری سەلاحەدین: دۆسیەی ئەمنی رادەستی پۆلیس دەکرێت

03-03-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن پۆلیس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی پارێزگاری سەلاحەدین دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە بە پۆلیس تەواو بوون و تەنیا راگەیاندنی ماوە. 
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بۆ کاروباری ئەمنی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکان بۆ رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای سەلاحەدین بە قەزای خورماتوویشەوە بە پۆلیس، تەواو بوون و تەنیا راگەیاندنی ماوە."
 
راوێژکارەکەی پارێزگاری سەلاحەدین گوتی، بڕیارە ئەم هەفتەیە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی سەلاحەدین بکات و بە فەرمی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ رابگەیێنێت. 
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، رۆژی 18ـی شوباتی 2024 دۆسیەی ئەمنیی قەزای سامەڕا لە پارێزگای سەلاحەدین رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کرا.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو رۆژە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمی رێکارەکانی گواستنەوەی بەرپرسیاریێتیی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەرا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە وەردەگرێت."
 
لەدوای تێکشکاندنی داعشەوە لە ساڵی 2017، دۆسیەی ئەمنیی شەش پارێزگای عێراق لە سوپاوە رادەستی پۆلیس کراونەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە