عێراق لە رووی دیموکراسییەوە لە نێو 179 وڵاتدا لە ریزبەندی 122ـەم دێت

03-03-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق لە رووی دیموکراسییەوە پاشەکشەی کردووە و لە کۆی 179 وڵات، لە پلەی 122ـدا دێت، ئەمە بە گوێرەی راپۆرتی ئەمساڵی پڕۆژەی ڤیدێم دیموکراسی کە لە لایەن بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی گۆتنبێرگی سوێدییەوە ئامادەکراوە. 
 
راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە کۆکردنەوەی 31 ملیۆن یەکەی زانیاریی ساڵانی نێوان 1789 تاوەکو 2022 هەڵسانگاندنی بۆ رەوشی دیموکراسی بۆ وڵاتەکان کردووە و بە گوێرەی باشی و خراپیی دۆخەکە، لە 1 تاوەکو 179 ریزیکردوون. 
 
راپۆرتەکە پێشانیدەدات کە عێراق لە رووی دیموکراسییەوە پاشەکشەی کردووە، بە جۆرێک کە لە راپۆرتی ساڵی رابردوودا لە پلەی 118دا بووە، بەڵام ئەمساڵ چوار پلە چووەتە دواوە و بووەتە 122ـەوەم، بەڵام وێڕای ئەوە، عێراق لە پێش هەموو دراوسێکانییەوە، تەنیا ئوردن نەبێت کە لە پلەی 110دایە. 
 
ئێران 27 پلە لە دوای عێراقەوە ریزبەندی 149ـی گرتووە. 
 
راپۆرتەکە دەریدەخات کە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، ئەمساڵ ئەو وڵاتە لە رووی دیموکراسییەوە 7 پلە چووەتە دواوە. 
 
سووریا بە پێنجەم خراپترین وڵات لە دوای کۆریای باکوور، ئەریتریا، ئەفغانستان و چاد دانراوە، بە جۆرێک کە لە کۆی 179 وڵات، لە پلەی 175دا دێت. ئەو وڵاتە لە راپۆرتی ساڵی رابردوودا لە پلەی 174ـدا بوو، واتە پلەیەک پاشەکشەی کردووە. 
 
تورکیا 9 پلە لە دوای عێراقەوەیە و لە رێزبەندی 141دا دێت. بەراورد بە ساڵی رابردوو، دیموکراسی لە تورکیا باشتر بووە و 6 پلە هاتووەتە پێشەوە. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە 10 دیموکراسیترین وڵاتی جیهان ئەمانەن:
 
1- دانیمارک
2- سوێد
3- نەرویج
4- سویسرا
5- ئیستۆنیا
6- نیوزیلاند
7- بەلجیکا
8- ئایرلاند
9- کۆستەریکا
10- فینلاند
 
10 نادیموکراسیترین وڵاتیش ئەمانەن:
 
1- کۆریای باکوور
2- ئەریتریا
3- ئەفغانستان
4- چاد
5- سووریا
6- نیکاراگوا
7- تورکمەنستان
8- چین
9- بێلارووس
10- سعودیە

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە