رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رێنماییەکانی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی بڵاوکردەوە، کە پەرلەمانی عێراق لە 21ی کانوونی دووەمی رابردوودا پەسندی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی شوباتی 2025، ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە لیژنەیەکی ناوەندی یان زیاتر لە هەر ناوچەیەکی تێهەڵچوونەوە پێکبهێنێت، کە لە سێ دادوەر لە پلەی یەکەم و دووەم پێکدێن "تایبەت دەبێت بە لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی دووبارە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن".
ئەم لیژنانە تایبەت دەبن بە لێکۆڵینەوە لە "ئەو کەیسانەی کە لە دادگاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ یان دادگا سەربازییەکانەوە دەرچوون و دەکەونە سنووری شوێنی کارکردنیان".
رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ئەو لایەنە دیاری دەکەن، کە بڕیار لەسەر کەیسەکان دەدات بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: ئەو کەیسانەی کە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنن، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا تۆمەتبارەکە یاسای لێبووردنی گشتیی دەیگرێتەوە یان نا، لەلایەن هەمان دادگاکانەوە دەبێت.
دووەم: ئەو کەیسانەی کە بڕیاریان تێدا دەرچووە و پلەی کۆتاییان وەرنەگرتووە و ئەو بڕیارانەی کە غیابی بوون، لەلایەن ئەو دادگایانەوە دەبینرێت، کە بڕیارەکەیان تێدا دەرچووە.
سێیەم: ئەو کەیسانەی کە بڕیاریان تێدا دەرچووە و پلەی کۆتاییان وەرگرتووە، لەلایەن لیژنەی ناوەندییەوە دەبینرێن کە بۆ ئەم مەبەستە لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە پێکهاتووە و ئەو بڕیارانەی کە بە لێبووردن دەدرێن جێبەجێ ناکرێن، مەگەر پلەی کۆتایی وەربگرن.
چوارەم: ئەو بڕیارانەی کە لە دادگا تاوانییەکانەوە دەرچوون و داواکاریی دووبارە لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردن تێیدا پێشکەش کراوە، لەلایەن لیژنەی ناوەندییەوە دەبینرێن کە لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە پێکهاتووە، جا ئەو بڕیارانە پلەی کۆتاییان وەرگرتبێت یان هێشتا لەژێر وردبینی تێهەڵچوونەوەدا بن، هیچ بڕیارێک لەمبارەیەوە جێبەجێ ناکرێت مەگەر پلەی کۆتایی وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ