عێراق پێداچوونەوە بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی دەکات

لۆگۆی حکومەتی عێراق.
رووداو دیجیتاڵ
 
عێراق پێداچوونەوە بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی دەکات و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ستراتیژییەکە گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکە و هەموو ئاڵنگارییەکان لەبەرچاو دەگرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 03-02-2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی کرد.
 
کۆبوونەوەکە ئەندامانی تیمی پەرلەمانی بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی لەخۆگرتبوو، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار و راوێژکار و پسپۆڕانی ئەو بوارە تێیدا بەشدار بوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا گرنگترین چوارچێوە و خاڵەکانی ستراتیژییەکە تاوتوێ کران، لەوانە پێداویستییە ئەمنییەکان لە هەموو رووەکان و ئاستە جیاوازەکاندا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی ستایشی بەشداری پەرلەمانتارانی کرد لەم دۆسیە گرنگەدا، "ئەمەش دەریدەخات، کە هاوکاری هەیە لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، "کە ستراتیژییەکە گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکە و هەموو ئاڵنگارییە ئەمنییە بەردەوامە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەبەرچاو دەگرێت. هەروەها ستراتیژییەکە پابەندە بە بنەما سەرەکییەکان و دەستوور و ئەو یاسایانەی کە رێکخەری مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی هاوڵاتییانن".
 
نووسینگەی سوودانی رایگەیاندووە: "ئامار و داتاکان بە روونی دەریدەخەن، کە ئاستی تاوانەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە دابەزیوە و تواناکانی هێزە چەکدارەکان و هەموو هێزە ئەمنییەکان لە ئاستی ئەرک و فەرمانەکانیان و لە بواری پشتیوانی ئاسایش و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری عێراقدا پێشکەوتووە."