سوودانی: پشتیوانی لە دانوستاندنەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پێکهێنانی حکومەت

03-02-2025
نەهرۆ محەممەد
دیمەنی کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و قوباد تاڵەبانی.
دیمەنی کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و قوباد تاڵەبانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
  
ئەمڕۆ دووشەممە 03-02-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە و نووسینگەی سوودانیش رایگەیاند، بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان تاوتوێ کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرنگترین دۆسیەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و باشترین رێگەکان بۆ بەهێزکردنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت تاوتوێ کران، بە جۆرێک کە وەڵامی خواستی هاووڵاتییانی سەرانسەری عێراق بداتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی سوودانیدا هاتووە: "لە  دیدارەکەدا ژمارەیەک بابەتی بەرپرسیارێتی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکران، لەو سۆنگەی دوێنێ پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجە پەسند، بە جۆرێک ئەمە بواری زیاتری هاوکاریی دامەزراوەیی فەراهەم بکات و دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کۆسپە هاوبەشە کارگێڕییەکان بڕەخسێنێت."
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی 2ـى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد، هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
 
هەموارەکە تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە پاڵپشتی حکومەت بۆ ئەو گفتوگۆیانە کرد کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچن. جەختی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کردەوە، لە سەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا.
 
دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی و پارتی دوو کۆبوونەوەی فەرمیان کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم 30-11-2024 لە دەباشان، کۆبوونەوەی دووەمیش 17-12-2024 لە پیرمام کرا. هەروەها لیژنەی تەکنیکی نێوان هەردوولا چەند جارێک کۆبوونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە