رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق تاوتوێى پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنى فیدراڵى دەکات. بەگوێرەى رەشنووسەکەى، پشکى هەرێمى کوردستان 12 ئەندام دەبێت کە مافى ڤیتۆیان دەبێت.
ئەو ئەنجوومەنە دەسەڵاتى رەتکردنەوەى یاساکانى پەرلەمان و پێشکێشکردنى پێشنیازەیاسا و یەکلاییکردنەوەى کێشەى نێوان هەرێمەکان و حکومەتى فیدراڵیی دەبێت.
خوێندنەوەى یەکەمى ئەو پڕۆژەیاسایە لە خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمانە بۆ رۆژى سێشەممە، 4ـی کانوونى دووەمى 2025.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "پڕۆژەیاساکە نوێ نییە و ماوەیەکى زۆر لە پەرلەمان مشتومڕى لەسەر کراوە، بەڵام رێککەوتن لەبارەیەوە نەبووە. ئێستا پڕۆژەیاساکە هاتووەتەوە پەرلەمان و خراوەتە خشتەى کارەوە. پڕۆژەکە گرنگە و لە زۆر وڵات دا شێوازێکى پەیڕەوکراوە بەناوى ئەنجوومەنى پیران یان ئەنجوومەنى باڵا؛ بۆ کورد و شیعە و سوننە گرنگە."
پێکهێنانى ئەو ئەنجوومەنە بە گوێرەى بڕگەى یەکى مادەى 65ـی دەستوورە، تێیدا ئاماژە بە پێکھێنانى ئەنجوومەنى فیدراڵى دەکات وەک بەشێک لە دەسەڵاتى یاسادانان، کە نوێنەرانى هەڵبژێردراوى هەرێم و پارێزگاکانى تێدا دەبێت.
بەگوێرەى پڕۆژەیاساى ئەنجوومەنى فیدراڵى، کە کۆپیەکى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، هەر پارێزگایەک لە عێراق ئەگەر لە چوارچێوەى هەرێمێکدا بێت یان نا، چوار ئەندامى دەبێت لەو ئەنجوومەنە دا.
ئەگەر پڕۆژەیاساکە بەو داڕشتەیەى ئێستاى پەسندبکرێت، ئەنجوومەنى فیدراڵى لە 72 ئەندام پێکدێت و هەرێمى کوردستان 12 ئەندامى دەبێت.
دارا سێکانیانى، ئاماژەى بەوە دا ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستى بە سازان هەیە. دەستنیشانکردنى ژمارەیەکى دیاریکراو بۆ نوێنەرى هەر پارێزگایەک کە پێشتر دانراوە، یەکێکە لەو پرسانەى جێگەى گفتوگۆیە و، دیار نییە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت یان وەکو خۆى دەمێنێتەوە.
پڕۆژەیاساکە لە 2014ـەوە ئامادەکراوە. پەسندکردنى یەکێکە لەو بەڵێنانەى لە کارنامەى حکومەتى محەممەد شیاع سوودانى هاتووە، کە 2022 پەرلەمان پەسندی کرد بۆ جێبەجێکردن.
دەسەڵاتى ئەنجوومەنى فیدراڵى، مافی دەنگدان بە پەسندکردن یان رەتکردنەوەى ئەو یاسایانەى دەبێت کە لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت. ئەنجوومەنەکە هەر یاسەیەک رەتبکاتەوە، پێویستە جارێکى دیکە لە پەرلەمان بە دەنگى زۆرینەى رەها، پەسندى بکاتەوە کە 166 ئەندامە.
یەکێک لە ئەرکەکانى دیکەى ئەنجوومەنی فیدراڵی، یەکلاییکردنەوەى ناکۆکیی نێوان هەرێمەکان یان پارێزگاکانە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵی؛ بڕیارەکانیان لەو بارەیەوە یەکلاییکەرەوە دەبن.
نوێنەرانى هەر پارێزگایەک پێکەوە لەو ئەنجوومەنە دا مافى ڤیتۆیان هەیە بەرامبەر هەر یاسا و بڕیارێک، کە لە پەرلەمان دەربچێت و دژی مافى دەستووریى شارەکانیان بێت.
هەر خولێکى ئەنجوومەنى فیدراڵى بۆ چوار ساڵە. بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، هەڵبژاردن بۆ ئەندامەکانى دەکرێت.
ئەندامانى ئەنجوومەنەکە مافیان هەیە پێشنیازەیاسا پێشکێش بکەن، بۆ ئەوەى پەرلەمان دەنگى لەسەر بدات. بڕیاردان لە ئەنجوومەنى فیدراڵى بە گوێرەى پێوەرى دوو لەسەر سێى ئەندامەکانى دەبێت.
پەسندکردنى راگەیاندنى جەنگ، بارى نائاسایی پێویستیی بە رەزامەندى ئەنجوومەنەکە دەبێت.
نێوەڕۆکى پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنى فیدراڵى"
- لە 24 مادە پێکدێت.
- ئەنجوومەنى فیدراڵى بەشێک دەبێت لە دەسەڵاتى یاسادانان.
- هەر پارێزگایەک چوار نوێنەرى هەڵبژێردراوى دەبێت.
- مەرجى ئەندامیێتى و هەڵبژاردنى وەک پەرلەمان دەبێت.
- هەر خولێکى بۆ چوار ساڵە.
- سەرۆک و دوو جێگرى دەبێت.
- دەسەڵاتى رەتکردنەوەى یاساکانى پەرلەمانى هەیە.
- دەتوانێت پێشنیازەیاسا پێشکێش بکات.
- یەکلاییکردنەوەى ناکۆکیی نێوان هەرێمەکان حکومەتى فیدراڵی.
- دەنگدان بە دوو لەسەر سێى ئەندامەکانى دەبێت.
- نوێنەرى شارەکان مافى ڤیتۆى یاسا و بڕیارەکانى پەرلەمانی دەبێت.
- پەسندکردنى راگەیاندنى جەنگ و بارى نائاسایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ