رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێک لەبارەى شێوازى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەخرێتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەوەى بڕیارى لێ بدات، کە دەکرێتە بنەما بۆ چاسەرى مووچەى تەواوى ئەم ساڵ.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە بەغداوە دەستى کەوتوون، وەزارەتى دارایی فیدراڵ راپۆرتێک لەبارەى شێوازى چارەسەرکردنى کێشەى مووچە لەگەڵ هەرێمى کوردستان ئاراستەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کردووە بۆ ئەوەى رەزامەندى بدات لەسەر شێوازى چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لەسەر ئەو پرسە دا هەبوون.
تێبینییەکان لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تایبەتن بە خانەنشینان، بایۆمەترى و چەند پرسێکى دیکە کە لەو راپۆرتەدا شێوازى چارەسەرکردنیان روونکراوەتەوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرسى دارایی لە بەغدا بە رووداوى گوت "ئاراستەکردنى ئەو راپۆرتە بۆ سوودانى بۆ ئەوەیە؛ چارەسەرى پرسى مووچە بکرێت بۆ تەواوى ئەم ساڵ و، بکرێتە بنەما بۆ ئەوەى مانگانە مووچە خەرج بکرێت؛ ناردنى پارەى مووچەى مانگى کانوونى دووەم چاوەڕێى رەزامەندیی سوودانییە لەسەر ئەو راپۆرتە و، چاوەڕوان دەکرێت مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دینار بنێردرێت."
لە 31ـی کانوونى دووەمى 2025ـەوە شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ تەیف سامى، وەزیرى دارایی فیدراڵ کرد بۆ گەیشتنە چارەسەرى ئەو بەربەستانەى لەبەردەم ناردنى مووچە دا هەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەغدا و هەولێر رێککەوتوون مانگانە ئەو فەرمانبەرانەى لە هەرێمى کوردستان تەمەنیان دەگاتە 60 ساڵ، لە لیستى مووچەى فەرمانبەران دەربهێندرێن و، بخرێنە سەر لیستى مووچەى خانەنشنیان.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ داوای کردووە؛ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە سێ لیستى جیاواز بنێردرێت، کە بریتین لە لیستى مووچەى فەرمانبەرانى مەدەنى، خانەنشینان، سەربازى و هێزە ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ