عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە پەیامی ناڕازیبوون دەداتە ئەمریکا

03-02-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڵاویکردەوە، هەڵسووڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بانگهێشتی وەزارەت دەکات و پەیامی فەرمیی ناڕەزایەتیی پێدەدات. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 3ـی شوباتی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی نیوەشەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازی و سڤیلەکانی عێراق لە هەردوو ناوچەی عەکاشات و قائیم؛ بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا بانگهێشتی وەزارەت دەکەن و پەیامی فەرمیی ناڕەزایەتیی پێدەدەن. 
 
وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، "بەهۆی ئەوەی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی عێراقە، دەیڤید بێرکەر، هەڵسووڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا بانگهێشتی وەزارەت دەکرێت و پەیامی فەرمیی ناڕەزایەتیی حکومەتی عێراقی پێدەدرێت." 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هێرشەکەی ئەمریکا بە دەستدرێژی دوژمنکارانە وەسف دەکات و لە بەشێکی دیکەیدا دەڵێت: "پەیامی فەرمی ناڕەزایەتیی عێراق لەبارەی ئەو دەستدرێژییە دوژمنکارانەی ئەمریکا دەبێت کە نیوەشەوی هەینی، 2ـی شوباتی 2024، پێگە سەربازیی و سڤیلەکانی هەردوو ناوچەی عەکاشات و قائیم کردبووە ئامانج." 
 
هێرشەکە نیوەشەوی رابردوو ئەنجامدرا و نیو کاژێری خایاند. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
 
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هێرشە دووژمنکارییەکە"ی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە سنووری قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکە برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕان بەدوای ژمارەیەک تەرم بەردەوامە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە