راوێژکارێکی سوودانی: عێراق لە توانایدایە ئارامی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئاشتی بگۆڕێت و "عێراق لە توانایدایە ئارامی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت."
ئەم هەڤپەیڤینەی سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ هیشام رووکابی، راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ (شەممە، 3-2-2024) لە بووڵتەنی نیوڕۆژ پەخشکرا، پێش هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا تۆمارکراوە، کە بەپێی حکومەتی عێراق بەهۆیانەوە 16 کەس کوژران و 25 کەسیش بریندار بوون.
هیشام رووکابی دەڵێ لەدوای قۆناخی شکستی داعش، عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەما "لە سایەی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییە جیاوازەکانمانەوە، کە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە داعش لەنێوبردرا."
راوێژکارەکەی سوودانی لەبارەی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکی - عێراقیش قسەی کرد و رایگەیاند "دوای ئەوەی لیژنەی باڵای سەربازی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، کارەکانی بەسەر سێ لیژنەی دیکەی لاوەکی دابەشکرد"، روونیشی دەکاتەوە کاری ئەو لیژنە لاوەکییانە چییە.
هیشام رووکابی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەبارەت بەو هێرشانەی لە نێوخۆی عێراق بەگشتی و بۆ سەر هەولێر بەتایبەتی دەکرێن کە حکومەتی عێراق ناتوانێت گرووپە هێرشکەرەکان کۆنترۆڵ بکات، لەکاتێکدا ئەم گرووپانە لەنێو خاکی عێراقەوە هێرش دەکەن، شوێنیان دیارە و سەرکردەکانیان دیارن، گوتی "هەر کەسێک ئەم بانگەشەیە بکات، دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێت. هەر کەسێک قسە لەبارەی ئەوە بکات، کە شوێنەکانیان دیارە و بەڵگەی لەسەر بوونیان هەیە، با بەڵگە پێشکێشی حکومەت بکات."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: حکومەتی عێراق ئەم ماوەیە بە کەشێکی سەخت، دژوار و پڕ کێشە و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، بەهۆی ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق و هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە لە وەشاندنی گورز بۆ سەر یەکدی. حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان چی کردووە؟ ئەو هەوڵانەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان داویەتی، ئەنجامەکەی چی بووە و لەگەڵ کێ قسە کراوە؟
هیشام رووکابی: لەوەتەی دامەزراندنی حکومەتی بەڕێز سوودانی، بەڕێزیان هەمیشە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگی بونیاتنەری لەگەڵ سەرجەم ئەو کێشە و پرسانەی رێگری لە بەجێگەیاندنی ئەرک و چالاکییەکانی حکومەت دەگرن، گرتەبەر. هاوکات نەخشەڕێگەی چارەسەرکردنی هێمنانە دوور لە هەڵکشاندنی گرژییەکان بۆ پرس و ئاڵنگارییە جیاوازەکانی داڕشت بۆ ئەوەی زامنی بەردەوامبوونی سەقامگیریی وڵات بکات. بۆیە لەبارەی پرسی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەک لە کارنامەی حکومەتی بەڕێز سوودانیدا ئاماژەی بۆ کراوە و متمانەی لە پەرلەمان بەدەستهێنا، باس لە کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێویست بە مانەوەیان نەما لەپاش قۆناخی شکستهێنانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە سایەی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییە جیاوازەکانمانەوە، کە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە داعش لەنێوبردرا. بۆیە ئەمڕۆ عێراق لە توانایدایە ئارامی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و هەوڵدەدات ئاسۆیەکی نوێی پەیوەندییەکان لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و عێراق دروست بکات و گواستنەوەی پەیوەندییەکان لە ئاستی ئەمنییەوە بۆ ئاستی گشتیی کە پێوەرەکەی هاوکاری و هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن بێت لە سەرجەم بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدانەوە. هەر بۆیە ئەمڕۆ ئەم گفتوگۆیانە دەستیان پێکرد و لەلایەن تیمە تەکنیکییە سەربازییەکانەوە هەنگاوی بۆ نرا و بۆ ئەمەش لیژنەیەک بەناوی لیژنەی باڵای سەربازیی پێکهێندرا. کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەکە، لەژێر چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوە بەڕێوەچوو. هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاماژەکانی روون و بەرجەستەکراوی رەنگدانەوەی بۆ رای گشتیی هەبێت بەتایبەتی روونکردنەوەی میکانیزمی کشانەوەکان و گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق.
رووداو: یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکی - عێراقی چۆن بوو؟ باسی چی کرا؟ کەی گەڕی دووەمی گفتوگۆکان ئەنجام دەدرێت؟
هیشام رووکابی: دوای ئەوەی لیژنەی باڵای سەربازی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، کارەکانی بەسەر سێ لیژنەی دیکەی لاوەکی دابەشکرد. لیژنەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و رەنگدانەوەی هەڕەشەکانی بۆ سەر دۆخی عێراق دەکات. لیژنەی دووەم، لەسەر دۆخی زانیارییەکان کار دەکات لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەنێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. لیژنەی سێیەمیش تایبەتمەند دەبێت بە رێکارەکانی بەهێزکردنی زیاتری توانای سەربازیی سوپای عێراقی. ئەم لیژنە لاوەکییانە دید و بۆچوونی خۆیان لە رێگەی راپۆرتێکەوە بۆ لیژنەی باڵای سەربازیی بەرز دەکەنەوە تاوەکو لە رێگەیەوە لیژنە باڵاکە، میکانیزمی چۆنیێتی پرۆسەی کشانەوە دیاریبکات لە کات و شوێن رێکارەکانی دیکەوە، دواتریش هێزە چەکدارەکانمان شوێنەکانیان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق پڕبکەنەوە.
رووداو: دوو بۆچوونی جیاواز لەم بابەتەدا دەبیندرێن؛ ئەمریکییەکان دەڵێن ئەم گفتوگۆیانە بۆ دانانی میکانیزمێکی نوێی مانەوە و کارکردنی هێزەکانی ئەمریکان لە عێراق، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق باس لە کشانەوە دەکات. کامیانە؟
هیشام رووکابی: پێموایە هەڵوێستی حکومەت روونە. راگەیێندراوی حکومەت کە بۆ رای گشتیی بڵاویکردەوە، ئەویش روونە. حکومەت داوای کشانەوە و گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان دەکات لە پەیوەندیی ئەمنییەوە بۆ پەیوەندیی گشتی. بە واتایەکی دیکە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوئاهەنگی هاوبەشەوە و رێز لە یەکدیگرتنەوە لەنێوان عێراق و تەواوی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا. ئاستی پەیوەندییەکانیش بۆ ئابووری و کولتووری و بازرگانییەوە بگۆڕدرێت. عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا زۆر ئەرێنی بن. ئێمەش خوازیارین پەیوەندییەکانمان فرەڕەهەند بکرێن لە سەرجەم سێکتەرە گشتی و تایبەتییەکانیش لەخۆبگرێت کە عێراق سوودی لێ وەربگرێت.
رووداو: رەخنەیەک لە حکومەتی عێراق دەگیرێت؛ بەوەی ناتوانێت ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات. ئەم گرووپانە لە دەرەوەی حکومەت و دەسەڵات و دەوڵەتن، چەکیان پێیە و هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانان، وەڵامی ئەم رەخنانە چۆن دەدەنەوە؟ بۆچی حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەم گرووپانە بکات؟
هیشام رووکابی: بەشێک لەم رەخنانە ورد نین و بەشێکیان دروست نین، بەهۆی ئەوەی سەرجەم هەڵوێستەکانی حکومەت و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رێگری دەکەن لە بوونی هەر گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت. تەنانەت بەکارهێنانی هێز لە هەندێک بواری تایبەت و لە دۆخێکی وەهادا. بۆیە حکومەت لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و سەپاندنی یاسا. توانای هەیە کۆنترۆڵی ئارامی و سەقامگیری نیشتمان بکات و خاوەن ئاسۆیەکی فراوان و توانایەکی بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ئاڵنگارییەک. لەبارەی هۆکاری گرژییەکان، عێراق هۆشداریی داوە لە هێرشە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش لە کۆنگرەی قاهیرە باسی لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی ئەم دوژمنکارییە کرد بەوەی پڕووشکی ئاگرەکە تەشەنە دەکات و هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. بۆیە عێراق پێداگری لە راگرتنی ئەم کارە دوژمندارییانە دەکات بۆ ئەوەی رێڕەوی پارێزراو بکرێنەوە لەپێناو گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە.
رووداو: بۆ ئەم هێرشانە لە نێوخۆی عێراق بەگشتی و بۆ سەر هەولێر بەتایبەتی دەکرێن؟ حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات. ئەم گرووپانە لەنێو خاکی عێراقەوە هێرش دەکەن، شوێنیان دیارە و سەرکردەکانیان دیارن و چەکدارەکانیشیان دیارن، بۆچی حکومەت ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات؟
هیشام رووکابی: هەر کەسێک ئەم بانگەشەیە بکات، دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێت. هەر کەسێک قسە لەبارەی ئەوە بکات، کە شوێنەکانیان دیارە و بەڵگەی لەسەر بوونیان هەیە، با بەڵگە پێشکێشی حکومەت بکات، بەهۆی ئەوەی حکومەت هەڵوێستی روون و دیارە لەبارەی کۆی رووداوەکان. هەروەها لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر، حکومەت چەندین جار قسەی لەبارەیەوە کردووە و لیژنەی پێکهێناوە بەمەبەستی توێژینەوە بۆ لێکەوتەکانی ئەم بابەتە و رێگریکردن. لەئەنجامدا هەر شوێنێک لە خاکی عێراق رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، حکومەت سوورە بۆ چارەسەرکردنی.
رووداو: کوا ئەنجامی کاری لیژنەکان؟ کاتێک کارێک درایە دەست لیژنە، خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی کردار لە لیژنەکان دەکات؟
هیشام رووکابی: بەڕێزم، حکومەتی بەڕێز سوودانی جیاوازە لە هەندێک حکومەتەکانی دیکە کە لیژنەی پێکدەهێنا و بەبێ ئەنجام دەرگەکانی بە واڵایی دەهێشتەوە. حکومەتی بەڕێز سوودانی بەدواداچوونی بۆ دەکات. حکومەتی بەڕێز سوودانی بەوە ناسراوە سەرۆکوەزیرانێکی چاودێرە و بەدواداچوون بۆ ورد و درشتی هەموو بابەتەکان دەکات، بەڵام هەندێکجار لیژنەکان پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بەوپەڕی هۆشیاری و وردییەوە کار بۆ چارەکردنی زۆربەی کێشە و ئاڵنگارییەکان بکەن، کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە. بۆیە پێموایە بابەتەکە پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی سەرجەم لیژنە پەیوەندیدارە سەربازی و ئەمنییەکان کارەکانیان تەواو بکەن. ئەم لیژنانە پێویستیان بە کاری وردتر و بەدواداچوونی زیاترە بۆ سەرچاوەی زانیارییەکان و تاوەکو گەشەی زیاتر بە هەوڵە هەواڵگرییەکان بدەن. ئەم دامەزراوانە پێداگرن لە خوێندنەوەی دروست بۆ سەرجەم زانیارییە بەردەستەکان لەپێناو گەیاندنی راپۆرت و زانیارییەکان بەشێوەیەکی دروست بۆ سەرووی خۆیانەوە.
رووداو: لە ماوەی رابردوو باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نامەیەکی رادەستی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد و ئەویش رایگەیاند کە نامەیەکەی گرنگی حکومەتی ئەمریکا بە حکومەتی عێراق دراوە. ناوەڕۆکی ئەم نامەیە چییە و بۆچی هێندە گرنگە؟ ئەمریکا چ داواکارییەکی لە عێراق کردووە؟
هیشام رووکابی: ناوەڕۆکی نامەکە بە گشتیی باسی لە ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق دەکرد و چۆنیەتی داڕشتنی ئاراستە و ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئەم پەیوەندییانە و چۆنیێتی بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تیمە سەربازییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا. هەروەها گرنگیدان بە خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شوێن و کاتی پرۆسەکە بەپێی پێوەری دیاریکراو و گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
رووداو: هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ناوەڕۆکی نامەکە زۆر توند بووە و هۆشداری داوەتە حکومەتی عێراق لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانان، ئەمە راستە؟
هیشام رووکابی: زۆرن ئەوانەی باس و خواسی جیاواز دەخەنەڕوو، تەنانەت بەشێکیان بەمەش ناوەستن و لە خەیاڵی خۆیانەوە چیرۆکی سەیر و سەمەرە دەهۆننەوە و بەگوێی رای گشتیدا دەچرپێنن بۆ ئەوەی بازاڕی خۆیان خۆش بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەمە وانییە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەشە. لە زۆربەی بۆنەکاندا دەبینن، کە هەڵوێستی ئەمریکا و عێراق زۆر روونن و ئاماژە بە کاری هاوبەش و هاوئاهەنگیی بەردەوام و هاوبەش دەدەن بۆ خوێندنەوەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت لەبارەی دۆخی ناوچەکە و چۆنیەتی کارکردن لەپێناو نزیککردنەوەی دید و بۆچوون و کۆک بوون لەسەر هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە دوور لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و زاڵبوونی زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئەمە بنچینەی سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە.