گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ

وێرانکاریی هەموو شوێنێکی بێجیی گرتووەتەوە و حکومەتی عێراقیش زۆربەی زیانلێکەوتووانی قەرەبوو نەکردوونەتەوە. لە ماوەی دوو ساڵی حوکمڕانیی داعشدا 80%ی شارۆچکەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەددین وێران بوو، دانیشتووانەکەی لە 173 هەزار کەسەوە بوون بە 60 هەزار کەس.
 
شارۆچکەی بێجی دەکەوێتە پارێزگای سەڵاحەددین کە 210 کیلۆمەتر لە باکووری بەغداوە دوورە.
 
عەبدوڵلا ئەکرەم، دانیشتووی بێجییە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''دوای تەقاندنەوەی خانووەکانمان ئومێدی پاڵپشتیمان لە حکومەتی ناوەندی هەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ قەرەبوویەکی ئەو خانووانە نەکراوینەتەوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا تەقێنراونەتەوە. ئێمە کاردەکەین و هێدی هێدی دروستی دەکەینەوە، بەڵام وەکو قەرەبوو بە هیچ شێوەیەک وەرمان نەگرتووە."
 
نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری، بێکارەبایی، بێئاوی و نەبوونی هەلی کار بەربەستی بەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی بێجییە. پێنج ساڵە حکومەتی عێراق هیچ پرۆژەیەکی پێنەگەیاندووە و دانیشتووانەکەی نیگەران بوون.
 
لە هەردوو بوجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بۆ ساڵەکانی 2019 و2020 پارێزگای سەڵاحەددین 318 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بۆ بێجی جێبەجێ نەکرا.
 
محەممەد جبوور، یاریدەدەری پارێزگاری سەڵاحەددین دەڵێت: ''بێجی بە تەواوەتی وێران بوو؛ ژێرخانەکەی و ماڵەکانی. تەنانەت کاریگەریی لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتیش دروست کرد. تاوەکو ئێستا زۆرینەی دانیشتووانی بێجی و سینیە بەهۆی بێداری و دووبارە نۆژەننەکردنەوەوە نەگەڕاونەتەوە. لایەنی قەرەبووکردنەوەش سستە؛ وەکو ئەوە نەبوو کە چاوەڕوان دەکرا."
 
جگە لە وێرانکارییەکانی داعش، لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی بێجیدا لە ساڵی 2015 شارەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە.‬ بێجی ژێرخانە ئابوورییەکەیشی وێران بوو، دوو گەورەترین پاڵاوگەی نەوت و رووبەرێکی فراوانی بەرهەمهێنانی گاز ئێستا بە رێژەی 75% لەکارکەوتوون.