رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق دەڵێت، لیژنەیەکی تایبەت بۆ رێکخستنەوەی دۆخی کرێکاری بیانی پێکهێنراوە و سەرجەم خاوەنکارە سەرپێچیکارەکان راپێچی دادگە تایبەتمەندەکان دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.
رۆژی هەینی، سێی کانوونی دووەمی 2025، نەجم عیقابی، گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهێنراوە بۆ رێکخستنەوەی دۆخی کرێکاری بیانی، سەرجەم خاوەنکارە سەرپێچیکارەکان راپێچی دادگە تایبەتمەندەکان دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها ئەو کرێکارە بیانییانەش رەوانەی وڵاتەکانیان دەکەنەوە کە مۆڵەتی کارکردن یاخود کارتی نشینگەیان نییە.
نەجم عیقابی گوتی، "وەزارەتی کار مۆڵەتی کارکردن دەداتە هەر کرێکارێکی لێهاتوو لە کەرتی تایبەت، بە مەرجی هەبوونی بڕوانامەیەکی پەسندکراو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "نابێت دەستی کاری بیانی لە پرۆژەکان و شوێنکارەکان 50٪ زیاتر بێت."
نزیکەى یەک ملیۆن کرێکارى بیانى لە عێراق کار دەکەن؛ بە گوێرەى سەندیکاى کرێکارانى عێراق، نزیکەى 70ـیان مۆڵەتی کارکردنیان نییە.
رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمینداریێتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری نشینگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کار بە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی دەکات بۆ چاککردنی دۆخی یاسایی ئەو کرێکارە بیانییانەی پێچەوانەی یاسای نشینگە لە عێراقن، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
بە گوێرەى یاساى کارى عێراق، نابێت هیچ کرێکارێکى بیانى بەبێ مۆڵەتى وەزارەتى کار لە هیچ شوێنێک کار بکات، دەبێت خاوەن کارەکەى تێچووى تیکتى گەشتەکەى بۆ عێراق بگرێتە ئەستۆ، ئەگەر کرێکارە بیانییەکە گیان لەدەست بدات، پێویستە خاوەنکارەکەى تێچووى گواستنەوەى تەرمەکەى بۆ وڵاتەکەى بگرێتە ئەستۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ