ماتیو میللەر بۆ رووداو: دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپەکان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، بەرپرسیاریێتیی حکومەتی عێراقە، هەنگاو لە دژی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا بنێت "ئێمە هەرکات پێویست بکات دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لەخۆمان."
رۆژی چوارشەممە 3-1-2024، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق بەرپرسیاریێتیی هەنگاونانی لەدژی ئەو گرووپانە لەسەرە کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەوێن."
میلەر لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ''ئایا چی دەکەن ئەگەر عێراق نەیتوانی ئەو گرووپانە بوەستێنێت؟'' گوتی، "ئێمە دوودڵ نابین بۆ بەرگریکردن لەخۆمان هەرکاتێک پێویستبکات. ئێوەش لە رابردوودا ئەوەتان بینیوە."
بەرپرسە ئەمریکییەکە لەبارەی رۆیشتن بەسەر ئاڵای ئەمریکا بەپێ لەلایەن سوپاسالار و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، گوتی، "من هیچ قسەیەکم لەسەر ئەوە نییە. هەروەک گوتم، هێزەکانی ئێمە بۆ ئامانجێکی زۆر گرنگ لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەوێن بۆ هاوکاریکردنیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە لەکۆتاییدا ئەمە لە بەرژەوەندیی گەلی عێراقدایە."
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر، لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەوە.
لە نوێترین هێرشدا، رۆژی سێشەممە، 02-01-2024، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 16:54 خولەکی ئێوارە درۆنێک کە لە لایەن "میلیشیا لەیاسا دەرچووەکانەوە" ئاراستە بنکەی سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشێکندرا و خرایە خوارەوە.
دوای هێرشەکە، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، "لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەززە دەیانکات، هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر."
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپی چەکداریی شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.