موقتەدا سەدر نوێژی یەکگرتوویی هەینیی هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر نوێژی یەکگرتوویی لە سەرجەم پارێزگەکانی عێراق هەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو رۆژی هەیینیی ئەم هەفتەیە بەبۆنەی لەدایکبوونی فاتیمەی زەهرا، بکرێت، بەبێ ئەوەی باس لە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکەی بکات.
 
شەوی چوارشەممە 3-1-2024، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر، راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی نوێژی یەکگرتوویی هەینی بڵاوکرادەوە و، رایگەیاند "لەسەر رێنمایی سەماحەتی سەرکردە موقتەدا سەدر، بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی نوێژی یەکگرتوویی کە بڕیار بوو رۆژی هەینی لە سەنتەری سەرجەم پارێزگەکانی عێراق بکرێت."
 
لە راگەیێندراوەدا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو نوێژە یەکگرتووییە رووننەکراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 01-01-2024، موقتەدا سەدر داوایکرد رۆژی هەینیی داهاتوو، کە دەکاتە 5ـی کانوونی دوومی 2024 بەبۆنەی لەدایکبوونی فاتیمەی زەهرا، کچی پەیامبەری ئیسلام محەممەد "د.خ." و هاوژینی عەلی کوڕی ئەبو تالیب، چوارەم جێنشینی ئیسلام لە هەموو پارێزگەکانی عێراق نوێژی هەیینیی یەکگرتوویی بکرێت.
 
فاتیمەی کچی پێغەمبەری ئیسلام، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان 20ـی جەمادی ئاخیری ساڵی پێنجی کۆچی لەدایکبووە.
 
مەبەست لە نوێژی یەکگرتوویی ئەو نوێژەیە کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەت سوننە و شیعە تێیدا بەشدار دەبن و بۆنەیەک کۆیاندەکاتەوە.
 
هەڵوەشاندنەوەی نوێژیی یەکگرتوویی لە کاتێکدایە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە) دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمانی ئێران روویاندا، بەپێی میدیای فەرمی ئێران، تائێستا 103 کەس کوژراون و 188 کەس بریندارن.
 
ئەمڕۆ یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو، کە لە بەغدا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا کوژرا. بەو بۆنەیەشەوە ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر خەڵک چووبوونە سەر گۆڕەکەی لە شاری کرمان.
 
هەروەها رۆژی سێشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2024، نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ـی دیکەش برینداربوون، دواتر حەماس رایگەیاند، ساڵح عارووری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون، کە دووانیان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.