بەرپرسانی حەشدی شەعبی جەخت لە دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە بەغدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ دانانی پرسەی یادی چوار ساڵەی کوژرانی هەردوو سەرکردەی شیعە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کە ماوەی پرسەکە حەوت رۆژ دەخایێنێت. 
 
ساڵڕۆژی کوژرانی دامەزرێنەری بەرەی مقاومە و رێکخەری حەشدی شەعبی، دەنگی بەرپرسانی ئەو رێکخراوەی بۆ نەمانی ئەمریکا لە عێراق گوڕتر کردووە. 
 
شاهد داودی، یاریدەدەری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا بە رووداوی گوت، "داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بڕیارێکی بوێرانە بدات بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکی و بیانییەکان. مقاوەمەی ئیسلامی پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ سەرکەوتنی حەق و دەرکردنی ناحەق." 
 
بەرەی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق کە لە هەناوی حەشدی شەعبییەوە سەریهەڵداوە، هەرێمی کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی تۆڵە. پرسێک کە بەلای بەرپرسانی حەشدی شەعبییەوە، مافێکی "رەوا و یاساییە." 
 
ئەبو زەین عابدین، فەرماندەی لیوای 28ـی حەشدی شەعبی گوتی، "مقاومە پلان و خەڵکی خۆی هەیە بۆ بەرگری. ئەوان خاوەنی بڕیارن لەسەر زەوی، هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە مقاوەمە. گەنجانی مقاوەمە لە عێراق دەستەوەستان ناوەستن شوێن و بارەگاکانی ئەمریکییەکان لەهەر شوێنێک بێت حەقی مقاومەیە وەڵامیان بداتەوە، ئەوە مافێکی شەرعی و یاساییە." 
 
هەروەها وەکو رەزا محەممەد، فەرماندەی لیوای 25ـی حەشدی شەعبی بە رووداوی گوت، "مقاومە و حەشدی شەعبی گرێدراوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانن لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دیکە ئامادەی بەرگری لە عێراق و باوەڕمانین." 
 
بەرەی مقاومە لە کۆی زیاتر لە 100 هێرشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، 56 هێرشیان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و هەریر بووە.