دادگە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی محەممەد حەلبووسی رەتکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی تەمیزیی دادوەری و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو سکاڵایەیان رەتکردەوە، کە لەلایەن پارتی حەلەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێشکێشکرابوو. دەستەکە دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆن داواکاریی پێشکێش نەکردووە، بۆیە تەماشای ئەو دۆسیەیە ناکات."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 03-01-2024، دەستەی تەمیزیی دادوەری ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان پێشکێشکرابوو و بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی ئەو پارتە لە کارەکانی و دەڵێت، "هیچ هۆکارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی نییە." 
 
سکاڵاکە لەلایەن باسم خەشان، پەرلەمانتار؛ جەمال کەربوولی، سەرۆکی پارتی حەل؛ موستەفا موەفەق جاسم، رێگەپێدراوی پارتی حەلەوە تۆمارکرابوو و باسیان لەوەکردبوو پارتی تەقەدووم بەهۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ رێکخراوێک لە دەرەوەی رێنوێنییەکانی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 3-1-2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوە و بڕیاری دا ئەو سکاڵایەی پارتی حەل رەتبکاتەوە کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم. 
 
رۆژی چوارشەممە، 3-1-2024، فارس تەها فارس، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێز لە بڕیاری دادگە دەگرین و بە ئەنجامەکان رازی دەبین، چونکە یاسا لە سەرووی هەموومانەوەیە."
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند: "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
 
رۆژی 30-11-2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراونەتەپاڵی، بەتایبەت ئەوەی گوایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی کردووە کە نزیکە لە ئیسرائیلەوە و ئەوەش بەپێی یاسای قەدەخەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل قەدەخەکراوە. حەلبووسی گوتی: "رایدەگەیێنم، عێراق جێناهێڵم، هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم."