وەزیری نەوتی عێراق: کار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت (ـی هەرێمی کوردستان) دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، کار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە دەروازەی باکوور (هەرێمی کوردستان) دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 لەکاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، "کار دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی دەروازەی باکوور، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی داهاتی دارایی و پشتیوانیی گەنجینەی دەوڵەت."
حەیان عەبدولغەنی گوتیشی، "وەزارەتی نەوت لە 2023دا داهاتی دارایی زیاد کردووە، هیوادارین ئەم ساڵ زیاتری بکەن. هەوڵدەدەین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەین، پلانی پێنج ساڵانە جێبەجێ بکەین، بۆئەوەی رۆژانە بە تێکڕا شەش ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکەین."
هەر لە قسەکانیدا، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "لە کەرتی پاڵاوتن، بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، پلان هەیە بگەینە خودبژێوی و هاوردەکردن رابگرین، هەروەها سەرکەوتوو بووین لە بەهێزکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان کردن لە گازی هاوەڵ، بەمدواییانە وەبەرەهێنانی گازیان لە کێڵگەکانی نەوت زیاد کردووە، ئەم ساڵ 200 مەقمەقی دیکە زیاد دەکەین لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیاکانی نەوتی میسان و زیقار."
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە. بەغدا سێ 700 ملیار دیناری بە قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق(2023-2024-2025) کە لە 26ـى حوزەیرانی 2023 کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە، کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.