داعش هێرشی كردەوە سەر سپایكەر

رووداو- هەولێر

گرووپی داعش جارێكی دیكە سەربازگەی سپایكەری لە تكریت خوێناوی كردەوە و بە خۆكوژ و ژمارەیەك چەكدار هێرشێكی دیكەی بۆسەر سەربازگەكە ئەنجامدا. 

بەپێی سەرچاوەیەكی تۆڕی میدیایی رووداو لە پارێزگای سەڵاحەدین، کاژێر 10:00 ی  پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 3-1-2016، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لە شاری تکریتی سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین، لەئەنجامدا دوو لە چەکدارەکان خۆیان تەقاندووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسیان کردووەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، چەکدارەكان سەر بە گرووپی داعش بوونە، هەروەها 8 کەس بوونە و دووان خۆیان تەقاندووەتەوە، شەش چەكدارەكەی دیکەش لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژراون و تەرمەکانیان کەوتوونەتە دەست هێزە ئەمنییەکان و  ئێستا لێکۆڵینەوە لە ناسنامەیان دەکرێت.

بەهۆی هێرشکردنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا كە ئێستا بنكەی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە  سەربازگەی سپایکەرە، 8 ئەفسەر و پۆلیس کوژران و 11 پۆلیسی دیکەش بە سەختی بریندرابوونە، هێزە ئەمنییەکانیش ناوچەکەیان گەمارۆداوە و وەستان لەو شوێنە قەدەخەکراوە.

رۆژی 12ی حوزەیرانی 2014 ، لە ئەكادیمیای بنكەی سەربازی سپایكەر، 1700 سەربازی بەشداربووی خولێكی سەربازیی دوای ئەوەی مۆڵەتی پشوویان پێدرا و بەبێ چەك لە سەربازگەكەیان چوونە دەرەوە، بەشی هەرەزۆریان لەلایەن چەكدارانی داعش گیران و بەكۆمەڵ گوللەباران كران. 

تەرمی هەندێك لەو سەربازانەش لەلایەن چەكدارانی داعش خرایە ناو رووباری دیجلە. بەپێی ئامری وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق، ژمارەی قوربانییەكانی گوشتارگەی سپایكەر 1566 كەسە.