سوودانی بەڵێنی بە میری ئێزدییان دا سەردانی لالش و کەمپی ئاوارەکان بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و میری کوردانی ئێزدی کۆبوونەوە و باسیان لە دۆخی کوردانی ئێزدی و دۆسیەی ئاوارەکان کرد. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران دەڵێت، میری ئێزدیان داوای لە سوودانی کرد سەردانی لالش و کەمپی ئاوارەکان بکات و ئەویش داواکەی قبوڵ کرد.
سوودانی بە میری گوتووە، "حکومەتەکەم پابەندە، ئاگای لە پێکهاتەی ئێزدی بێت".
ئەمڕۆ دووشەممە02-12-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان و شاندی یاوەری کرد.
دکتۆر خەڵەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی کوردانی ئێزدی و دۆسیەی ئاوارەکان کرا. میر داوای کرد دۆخی شنگال ئاسایی بێتەوە، زەمینەسازیی بڕەخسێت و خزمەتگوزاریی پێویست دابین بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لەگەڵ بەدواداچوونی جیدی دۆسیەی رفێندراوان.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەکەی بە "گرنگ" ناوبرد و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران، ئێزدی بە پێکهاتەیەکی رەسەن ناوبرد و بەڵێنی دا، تەواوی هەوڵەکانی حکومەتەکەی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ شنگال و کوردانی ئێزدی دابین بکرێت".
بەگوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، لەو کابینەیەدا زۆرترین پرۆژە بۆ شنگال بڕیاریان لەسەردراوە و جێبەجێ دەکرێن، کە لە هیچ کابینیەکی دیکە بەم شێوەیە نەبووە، لەوانە پرۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە شنگال، 50 قەرەوێڵەیی لە سنونێ، دروستکردنی زانکۆی شنگال، پرۆژەی ئاو، بابەتی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و تاپۆکردنی موڵک و خانووەکانی بەنێوی کوردانی ئێزدی.
دکتۆر خەڵەف شنگالی دەشڵێت، میری ئێزدی داوای لە سەرۆکوەزیران کرد سەردانی لالش و کەمپی ئاوارەکان بکات، ئەویش بەڵێنی دا لە نزیکترین دەرفەتدا ئەو سەردانە بکات.
هەر لەوبارەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، محەممەد شیاع سوودانی لە دیدارەکەدا دووپاتیکردەوە، ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەم وڵاتەن، پێویستە کار بکرێت لە پێناو نواندنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەیان، لەپای ئەو قوربانیانەی داویانە لە کاتی جەنگی دژی داعش.