رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق نەیتوانی پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان یەکلابکاتەوە و تێی پەڕێنێت، دانیشتنەکەش بۆ سبەی دواخرا.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕگە و مادەکانی هەر سێ پرۆژەیاساکە دەنگی لەسەردرا، دواتر سەرۆکی پەرلەمان نزیکەی کاژێرێک دانیشتنەکەی راگرت، بۆ ئەوەی هەرسێ پرۆژەیاساکە پێکەوە دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام دواتر رێژەی یاسایی ئامادەبوون نەما و دانیشتنەکەی بۆ سبەی دواخرا.
موسەننا ئەمین گوتی: "زۆرترین ناکۆکی لەسەر پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتییە. کەمترین ناکۆکی لەسەر هەمواری یاسای باری کەسییە، چونکە هەمواری یاسای باری کەسیی بەشێوەیەکە تایبەت کراوە بە شیعەکان".
سەبارەت پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان موسەننا ئەمین دەڵێت، ئەو پرۆژەی لە حکومەتەوە هاتبوو دەنگی لەسەر دراوە نەک هەموارەکەی پەرلەمان. راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا هەرسێ پرۆژەیاساکە دەنگیان لەسەر بدرێت.
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی بۆ سبەی سێشەممە هەڵگرت.
شێخ وەسفی عاسی، نوێنەری عەرەبی سوننەی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (02-12-2024)، تەلاری پەرلەمان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و رایگەیاند، "ئەوانەی دەنگیان دا بە پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، لە 10 کەس زیاتر نەبوون، زۆر بەتووندی دژایەتی ئەو بابەتە کرا. ئەوەشی گرنگ و سەرەکییە هۆکاری دەرچوونی یاساکە دەنگی لەسەر نەدراوە".
شێخ وەسفی عاسی پێیوایە، "ئەو یاسایە فیتنەیەکی گەورەیە لە کەرکووک لە نێوان کورد و عەرەبی کەرکووک و خوانە خواستە شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ