دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی موڵک" دواخرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر مادەکانی پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان" درا، دانیشتنەکە هەڵگیرا و بەبێ دەنگدان بە کۆی پڕۆژەیاساکە دواخرا.
 
پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان" مەبەست لەو موڵکانەیە کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش- بەعس لە هاووڵاتیانی کورد و تورکمان لە سنووری ناوچەکانی مادەی 140 داگیرکراون.
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ ئەو پڕۆژەیاسایەدا، پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و یاسای باری کەسێتی خرانە دەنگدانەوە و دەنگیان پێدرا. لێبووردنی گشتی پڕۆژەیاسای سوننەکانە و یاسای باری کەسێتی پڕۆژەیاسای شیعەکانە.
 
د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، "دانیشتنەکە هەڵگیرا چونکە رێژەی یاسایی نەمابوو. بەڵام کۆی مادەکانی هەر سێ پڕۆژەیاساکان دەنگیان لەسەر دراوە و تەنیا پڕۆژەیاساکان بەگشتی ماون دەنگیان لەسەر بدرێت".
 
دوای ئەوەی مادەکانی نێو پڕۆژەیاساکان دەنگیان لەسەر درا، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لەنێو پەرلەمانی عێراقەوە زانیاری دا و گوتی، "بە بڕیاری موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دانیشتنەکە بۆ ماوەی نیو کاژێر دواخراوە".
 
ئەم ڤیدیۆیەی خوارەوە هەڵکەوت عەزیز تۆماری کردووە و دەڵێت، زیاتر لە نیو کاژێر لە پەرلەمانی عێراق زەنگی چوونەژوورەوە لێدرا، بەڵام پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون بچنە هۆڵی کۆبوونەوە.
 
 
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "هەر سێ پڕۆژەیاساکە پێکەوە دەخرێنە دەنگدانەوە، بۆ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەک بەتەنیا و بەبێ ئەوانی دیکە پڕۆژەیاساکەی تێنەپەڕێنێت".
 
کورد لە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە کە لە پێج مادە پێکهاتووە، 300 هەزار دۆنم موڵک و ماڵی هاونیشتمانیانی کەرکووک کە بە بڕیاری بەعس لە کورد و تورکمان زەوت کراون و بە عەرەبی سوننە دراون بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە.