رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراق پڕۆژەیەک بۆ خستنەسەرکارى ئاوارەکانى لوبنان ئامادە دەکات لە رێگەى پێدانى پارە بۆ پڕۆژەى بچووک.
غەسان سوینى، بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، پڕۆژەکە لە قۆناخى ئامادەکردندایە بۆ ئەوەى بیدەنە ئەنجوومەنى وەزیران و پڕۆژەکە ناوى "کاش مەنى" یە.
لە یەکى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە یەکەم کاروانى ئاوارەکانى لوبنان گەیشتە عێراق کە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە دەربەدەر بوون.
غەسان سوینى گوتى: "پڕۆژەکە بۆ ئەوەیە بڕێک پارە بدرێتە هەر ئاوارەیەکى لوبنان کە بیەوێت پڕۆژەیەکى بچووک دابمەزرێنێت، پارەکەى دەگاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار و بەگوێرەى قەبارەى پڕۆژەکە بڕى پارەکە دەگۆڕێت." گوتیشی: "پێشتر ئەو پڕۆژەیەمان لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا ئەزموون کردووە".
بە گوێرەى ئامارى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراق، 22 هەزار و 150 پەنابەری لوبنانى پەنایان بۆ عێراق هێناوە.
زۆربەی پەنابەرانی لوبنانی لە پارێزگاى نەجەف و کەربەلا-ن و لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوونى سەر بە پیرۆزگاى ئایینى شیعە لە دوو پارێزگایە نیشتەجێ کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ