بانکى ناوەندیی عێراق وردەکاریی رێککەوتنى لەگەڵ تورکیا بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق و تورکیا رێککەوتن کە پرۆسەی حەواڵە و ئاڵوگۆڕ و پارەدانی گەورە بازرگان و هاوردەکاران لە رێگەی دراوی یۆرۆ و لیرەی تورکییەوە بێت سەبارەت بە بازرگانی بچووکیش، حەواڵەکە بە دینار بێت بەرامبەر یۆرۆ یان لیرەی تورکی. 
 
2ـى کانوونى یەکەمى 2023، بانکى ناوەندى عێراق ئەنجامى گفتوگۆکانى شاندى عێراقى بۆ تورکیا لەبارەى پرسە داراییەکان ئاشکراکرد. بانکى ناوەندیى عێراق دەڵێت "لەگەڵ لایەنى تورکى رێککەوتوون بۆ ئەوەى رێوشوێن و ئامادەکارییە بانکییەکان دەستبەر بکەن لە نێوان بانکەکانى عێراق و بانکە تورکییەکاندا لە رێگەى بانکى نێوەندگیرەوە بۆ ئەوەى گەرەنتى بازرگانى گەورە بازرگانان و هاوردەکاران بکرێت و پرۆسەکانى حەواڵە و پارەدان بە هەردوو دراوەکانى یۆرۆ و لیرەى تورکى بکرێت."
 
بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشداوە کە هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەى کە ئاڵوگۆڕى بازرگانى بۆ بازرگانانى بچووک بە دینار بەرامبەر بە یۆرۆ یان لیرەى تورکى بێت، بەشێویەک کە پرۆسەى حەواڵەى ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە، وابێت کە لەنێو عێراق بە دینار، پارەى ئاڵوگۆڕەکە دابنرێت و لە تورکیا بە یۆرۆ و لیرە بێت، بۆ ئەوەى کاڵاکان لە تورکیاوە هاوردەى عێراق بکرێن.
 
27ـى تشرینى دووەمى 2023،  شاندێکى حکومەتى عێراق کە پێکھاتبوو لە راوێژکارى دارایی سەرۆکوەزیران، سێ بەرپرسى بانکى ناوەندى و بەڕێوەبەرانى 12 بانکى عێراق، سەردانى تورکیایان کرد و گفتوگۆیان لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە دارایی و بانکییەکانى تورکیا کرد.
 
پەنابردنى بانکى ناوەندیی عێراق بۆ مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ بانکەکانى تورکیا بە دراوى دیکە جگە لە دۆلار، بۆ ئەوەیە گوشار لەسەر فرۆشتنى دۆلار بۆ حەواڵە و مامەڵەى بازرگانی کەم بکاتەوە، کە کۆت و بەندى بانکى فیدراڵى ئەمەریکاى لەسەرە، ئەوەش فرۆشتنى دۆلارى سنووردار کردووە لەرێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بانکەکەوە.
 
24ـی تشرینى دووەمى 2023، عەلى عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "ئاسانکارییان لە حەواڵەکردنی دەرەکی کردووە و جگە لە دۆلار، حەواڵە بە یۆرۆ و درهەمی ئیماراتیش دەکرێت. گوتیشى، رێکارەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بە درهەمی ئیماراتی، یوانی چینی و رووپیەی هیندی تەواوبوون. لێک تێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی بە یۆرۆ یان لیرەی تورکی حەواڵە بۆ بانکەکانی تورکیا دەستپێبکات."