لە میسان هەڵمەتێک لە دژی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە چالاکڤانانى پارێزگاى میسان هەڵمەتێک لەدژى ئەو یارییانەى منداڵان دەستپێدەکەن کە بە گوتەى خۆیان ئاڵاى هاوڕەگەزخوازانیان تێدایە، پۆلیسى شارەکە بەشدارى لەو هەڵمەتەدا کردووە و هۆشدارییان داوەتە دووکاندارکان لە بازرگانیکردن بەو جۆرە یارییانە.
لە پارێزگاى میسان کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى شیعە مەزهەبن، بەشێک لە چالاکڤانان هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە لە دژى ئەو یارییانەى منداڵان کە لە بازاڕەکانى پارێزگاکە دەفرۆشرێن و بە بڕواى ئەوان رەنگەکانى ئاڵاى هاوڕەگەزخوازانە.
رۆژی 1ی کانوونى دووەمى 2022، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاى میسان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا کردووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، "نوێنەرى پۆلسی کۆمەڵگەى میسان لەگەڵ چالاکڤانان بەنێو بازاڕەکانى شارى عەممارەى ناوەندى پارێزگاکە هەڵمەتێکى مەیدانیان دەستپێکردووە بۆ هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتیان لەبارەى ئەو یارییانە."
پۆلیسی میسان رایگەیاندووە، ئامانج لەو هەڵمەتەیان جەختکردنەوەیە لە گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لەدژى ئەو دووکاندارانەى بازرگانى بەو جۆرە یارییانە دەکەن کە بەگوتەى پۆلیس بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازى دەکەن.
ئەو هەڵمەتە هاوکات بوو لەگەڵ داواکارییەکى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر بۆ کۆکردنەوەى یەک ملیۆن واژۆ لەدژى دیاردەى هاوڕەگەزخوازى کە بڕیارە رۆژى هەینى 2ـی کانوونى یەکەم لەکاتى نوێژى هەینى بەڕێوەبچێت.