سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە: هەڵبژاردنم یاسایی بوو

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایدەگەیێنێت، هەڵبژاردنی یاسایی بووە و بەمزووانە دۆسیەی دیاریکردنی سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان یەکلادەبێتەوە.
 
نزار لهێبی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ (شەممە، 02-11-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێوەیەکی یاسایی و لە دانیشتنێکی فەرمی، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێدراوم، بە ئامادەبوونی زۆربەری ئەندامان دەنگ دراوە." 
 
سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پێیوایە؛ دوورخستنەوەی عومەر کرویی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنەکە کە سەر بە پارتی سیادە بوو، "یاسایی بوو، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بووە و هیچ پێشلکارییەکیش نەکراوە. ئەو، بەهۆی خراپ بەڕێوەبەردنی ئەنجوومەن لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە."
 
شەوی 23-10-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کۆبووەوە و دەنگیان لەسەر زۆربەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگاکە دا. تەنیا پۆستی قایمقامی قەزای خانەقین دراوەتە کورد.  سۆران عەبدولوەهاب باجەلان، وەک کوردێک و لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قایمقامی قەزای خانەقین هەڵبژێردرا؛ بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەکار نەبوونە. 
 
سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە جەخت لەوەش دەکاتەوە، "بەمزووانە دۆسیەی هەڵبژاردنی بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان یەکلادەکرێتەوە." 
 
پاشنیوەڕۆی سێشەممە، 29-10-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا عومەر کروی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دوورخستەوە.
 
دواتر ئێوارەی 31-10-2024 بە ئامادەبوونی 11 ئەندام، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نزار لهێبی لە پارتی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژارد.  
   
بەگوێرەی رێککەوتن، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە پشکی سوننەیە. عومەر کروی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەن ئەندامی پارتی سیادەیە و نزار لهێبی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە لە پارتی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە.
 
رۆژی 29-10-2024 نزار لهێبی، سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی دوورخراوەی ئەنجوومەن بۆ بەرژەوەندیی لایەنی خۆی کاری دەکرد و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد، بۆیە لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە 15 ئەندام پێکهاتووە؛ حەوت سوننە، حەوت شیعە و نوێنەرێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. بڕیاردان بە 50+1 دەبێت، بەوەش پێویستی بە 9 ئەندامە.
  
ئەو پۆستانەی شەوی 23-10-2024 لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگیان لەسەردرا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەرکارنەبوون بریتین لە:
 
قایمقامەکان:
 
 - سۆران عەبدولوەهاب باجەلان، قایمقامی خانەقین
- عەلی زمەد، قایمقامی مەندەلی
- مستەفا تاڵب، قایمقامی شارەبان
- خالید حەمید کەمبەش، قایمقامی بەعقوبە
- سامی مەعمووری، قایمقامی خاڵس
- ئەرکان عەزاوی، قایمقامی مەنسوورییە
- موسلیم زیبان، قایمقامی بەلەدرووز
 
بەڕێوەبەری ناحییەکان:
 
 - سەمیر دەهلەکی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەبهەب
- نەبیل عەبیدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەنداوی عوزێم
- ویسام لهێبی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەهرۆز
- تەها ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە
- ئوسامە جەمال، بەڕێوەبەری ناحیەی محەممەد سەکران
- محەممەد شەکرچی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە 
- سائیب حەربی، بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە
- کەریم ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارە
- ئەحمەد فەرەج، بەڕێوەبەری ناحیەی عەبارە 
- سەعد قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی کەنعان
- نەجاح مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی وەجیهییە
- تاڵب حوسێن جەواد، بەڕێوەبەری ناحیەی جەدیدە شەت
- ساجد عەبدولئەمیر عەنبەکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەلام

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە