بەهۆی پڕۆژەیاسایەک دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق راگیران
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە چوار کاژێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانتاران بۆ چوونە نێو هۆڵی کوبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لێیدا، کەچی دانیشتنەکە نەکرا.
لەنێو کارنامە شەش بڕگەییەکەدا، بڕگەی یەکەم دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی، کە داواکاریی کوردە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی "ئەمڕۆ دانیشتن بکرێت، مانگێکی دیکە یان دوو مانگی دیکە بکرێت؛ دەبێ ئەم خشتەیە لە پەرلەمان بێت. بەبێ ئەم خشتەیە و دەنگدان لەسەری دانیشتن ناکرێت. ئەمە بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانە و بڕیاری فراکسیۆنە کوردستانییەکانە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش بە راشکاوی قسەمان کردووە. زۆر سوپاسی خوشک و برایانم دەکەم لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ کە یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن."
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ئەوان دەڵێن پڕۆژەکە چۆن لە حکومەتەوە هاتووە بەو شێوەیە بێت. هیچ پرۆژەیەکیش وەک چۆن لە حکومەتەوە هاتبێت، بڕواناکەم بەو شێوەیە بڕوات، چونکە دواجار بۆچوونی خەڵک وەردەگریت، زیاد و کەمی بۆ دەکەیت، هەمواری تێدا دەکەیت. ئێمە پێمان گوتن ئێوە بۆ نموونە رازین ئەو پرۆژەی کە لێبوردنی گشتییە چۆن لە حکومەتەوە هاتووە ئاوا بەو شێوەیە بڕوات؟ بێگومان نا."
کورد، دەیەوێت لەرێگەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی، نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی لە کەرکووک و دەوروبەری بۆ خاوەنە کورد و تورکمانەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام سوننەکان بەربەستی سەرەکین.
تەڵاڵ زۆبەعی، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ، "یاساکە تێدەپەڕێت، بەڵام تاکە تێبینی لە پێکهاتەی سوننە ئەوەیە؛ دەبێت هەموو یاساکان لە یەک سەبەتە بڕوات؛ یاسای گەڕاندنەوەی موڵک کە یەکەم یاسا دەبێت، دەنگی لەسەر دەدرێت، دواتر یاسای باری کەسی، دواتر یاسای لێبوردنی گشتی، ئەم یاسایانە دەبێت لە یەک سەبەتەدا بن."
پڕۆژەیاساکە لە نۆ ماددە پێکهاتووە، ئەگەر وەکو خۆی بخرێتە دەنگدان و دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەو بڕیارانەی تەمەنیان دەگاتە نیو سەدە و، تاوەکو ئێستا موڵک و ماڵی کورد و تورکمانی پێ زەوتدەکرێت.
زیاتر لە 20. ساڵە حیزبی بەعس لە سەر حوکم لادراوە، کەچی هێشتا هەندێک لە لایەنەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق دژی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەوکاتن، بەڵام کورد هێشتا پێداگری سەرسەختە لەسەر گێڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.