پەرلەمانتارێکی کورد: زۆربەی ژنە پەرلەمانتارە شیعەکان لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسیین

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
  
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، شیعەکان پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی و تەنانەت زۆربەی ژنە پەرلەمانتارە شیعەکان لەگەڵ هەموارەکەن، بە سەرۆکی لیژنەکەشیانەوە.
 
هەمواری یاسای باری کەسی، داواکارییەکی سەرەکیی شیعەکانە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، لەبڕگەی دووەمی بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دانرابوو، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
 
سروە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 02-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شیعەکان پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی هەمواری پرۆژەیاسای باری کەسی، بە هەرشێوەیەکیش بێت پرۆژەکە تێدەپەڕێت، تەنانەت بەشێکی زۆری ژنە پەرلەمانتارە شیعەکان پشتیوانی دەکەن.
 
بە گوتەی سروە محەممەد، تەنانەت دنیا شەممەری، سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمان کە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی پشتیوانی هەموارەکە دەکات.
 
بەپێی هەموارەکە، دەبێت ژن و پیاو لەکاتی هاوسەرگیری ئەو مەزهەبە دیاریبکەن کە دەیانەوێت حوکمەکانی بەسەریاندا جێبەجێ ببێت، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت.
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوننە و شیعەکان رێککەوتن. سوننەکان دەنگ بە هەمواری یاسای باری کەسی بدەن. شیعەکانیش دەنگ بە پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بدەن، کە داواکاریی سەرەکیی سوننەکانە.
 
سروە محەممەد پێیوایە سوننەکان ناچارن دەنگ بە هەمواری یاسای باری کەسی بدەن، ئەگەرنا لە بنەڕەتدا باوەڕیان پێی نییە؛ بەڵام بەهۆی یاسای لێبووردنی گشتی بە ناچاری دەنگی بۆ دەدەن. 
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەڵدەدەن ئەگەر هەمواری یاسای باری کەسیش تێپەڕێت، بە کەمترین زیان تێپەڕێت. داوایان کردووە لانیکەم تەمەنی هاوژینی لە 9 ساڵ بکرێتە 15 ساڵ. هەموارەکە ئەو گرێبەستە هاوژینیانە نەگرێتەوە کە لە رابردوودا کراون، لۆژیکی نییە 20-30 ساڵ لەمەوبەر گرێبەستێکی هاوژینی کرابێت، ئێستا دەستکاری بکرێتەوە بەگوێرەی مەزهەب گرێبەستەکە جارێکی دیکە بکرێتەوە.
 
هەمواری یاسای باری کەسێ، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە.
 
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قیر

حکومەتى عێراق قیری گران کرد

حکومەتى عێراق گۆڕانکاریى لە نرخى فرۆشتنى قیردا کرد و لە 350 هەزار دینارەوە بۆ تۆنێک کردییە 450 هەزار دینار، هەروەها 80% گومرگى خستە سەر قیرى هاوردەکراو، رێگەشی بە کەرتى تایبەت دا بەرهەمە نەوتییەکانیان هەناردە بکەن