وەزارەتی گواستنەوە بۆ رووداو: ئاسمانی عێراق کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاسمانی عێراق کرایەوە و گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان دەستیانپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانەوە بۆسەر ئیسرائیل ئاسمانی عێراق داخرابوو.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رۆژی چوارشەممە 02-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاسمانى عێراق بەڕووى فڕۆکەی سڤیلدا کراوەتەوە، ئیدی فڕۆکەکان دەتوانن بە ئاسمانى عێراقدا تێپەڕن یان گەشتی هاتن و چوون لە رێگەی فڕۆکەخانەکانى عێراقەوە بکەن."
  
ئێوارەی رۆژی سێشەممە نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد. سوپای ئیسرائیل گوتی، هێرشەکە لە رێگەی زیاتر لە 1801 مووشەکەوە بووە. 
 
نزیکەی کاژێر 8ی شەو، سوپای پاسداران گوتی، هێرشەکە وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ "شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان". 
  
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە تاران کوژرا، ئەوەش کاتێک بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆککۆماری ئێران چووە تاران. 
 
رۆژی 27-9-2024یش هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا و عەباس نیلفرووشان، فەرماندەی دۆسیەی لوبنانی سوپای پاسداران کوژران.
 
دەوروبەری کاژێر 20:00ی رۆژی سێشەممە یەکى تشرینى یەکەم، گەشتى فڕۆکەوانیى عێراق لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیرا، ئەوەش بەهۆى ئەو هێرشەوە.