حکومەتى عێراق قیری گران کرد

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى عێراق گۆڕانکاریى لە نرخى فرۆشتنى قیردا کرد و لە 350 هەزار دینارەوە بۆ تۆنێک کردییە 450 هەزار دینار، هەروەها 80% گومرگى خستە سەر قیرى هاوردەکراو، رێگەشی بە کەرتى تایبەت دا بەرهەمە نەوتییەکانیان هەناردە بکەن.
 
ئەو بڕیارانە لە کۆبوونەوەى 1ى تشرینى یەکەمى ئەنجوومەنى وەزیراندا دراون.
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا نرخ فرۆشتنى نەوتى رەش بۆ کارگە مۆڵەتپێدراوەکان 25% کەمتر بێت لە نرخى جیهانی، لەگەڵ کەمکردنەوەى 85 هەزار دینار بۆ یەک تۆن کە پارەى کرێى گواستنەوەى ئەو نەوتە رەشەیە لە پاڵاوگەکانەوە بۆ کارگەکان.
 
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق   کەمکردنەوەى نرخى بەرهەمە نەوتییەکانى گازۆیل، نەفتا، سووتەمەنیی چڕکراوە بووە بۆ کەرتی تایبەت، بەشێوەیەک کە ئەو بەرهەمە نەوتییانە بە کارگەکانى واڕنیش، قڕکەر و کارگە هاوشێوەکانیان، نرخەکەى 50% کەمتر بێت لە نرخى جیهانی، بۆ کارگە هایدرۆجینییەکانیش نرخەکەى 40% کەمتر بێت.
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا پاشماوەى خەستکراوە بە کارگە مۆڵەتپپێدراوەکان لە نرخى 200 هەزار دینار بۆ تۆنێک بفرۆشێت کە کارەکانى قیر، مادەى دابڕێنەر، راخەر، فلینکۆت دەگرێتەوە.
 
هەروەها بڕیاردرا  گۆڕانکارى لە نرخى فرۆشتنى قیر بکرێت بە جۆرێک نرخی یەک تۆنی لە 350 هەزار دینارەوە بکرێتە 450 هەزار دینار و ئەو نرخە بۆ هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت وەک یەک دەبێت، بەڵام ئەو نرخە بۆ قیرى پاڵاوگەى گەیارە لە نەینەوا هەڵاوێرد کراوە و بە 300 هەزار دینار بۆ یەک تۆن دیاریکراوە. لە دواى چوار مانگ پێداچوونەوە بەو نرخەدا دەکرێت بۆ قیرى پاڵاوگەى گەیارە.
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەوەبووە  رێگە بە کەرتى تایبەت بدرێت بەرهەمە نەوتییەکانیان هەناردە عێراق بکەن، 80% گومرگ بخرێتە سەر قیرى هاوردەکراو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە