رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى گواستنەوەى عێراق دەڵێت، گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان دەستیان پێکردووەتەوە، کە بەهۆى "گرژییە هەرێمییەکانەوە" وەستابوون.
رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە راگەیاند، کە بە گوتەى خۆی، بەهۆى "گرژییە هەرێمییەکانەوە" راگیرابوون.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی وەزیرى گواستنەوەى عێراق دەڵێت، "دواى تێپەڕینى سەرجەم مەترسییەکان کە ئەگەر هەبوو کاریگەرییان لەسەر سەلامەتیى فڕۆکەوانیى سڤیلی عێراق هەبێت، وەزیرى گواستنەوە بڕیاریدا ئاسمانى عێراق بەڕووى سەرجەم فڕۆکە سڤیلەکاندا بکرێتەوە، کە بە ئاسمانى عێراقدا تێدەپەڕن یان دەچنە فڕۆکەخانەکانى عێراق و لێوەیان دەردەچن."
دەوروبەری کاژێر 20:00ی رۆژی سێشەممە 1ى تشرینى یەکەم، گەشتى فڕۆکەوانیى عێراق لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگیرا، ئەوەش بەهۆى هێرشی مووشەکیى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کۆمپانیاى گشتى بەڕێوەبردنى فرۆکەخانەکان و گەشتى ئاسمانى دەستیان بە کار کردووتەوە بۆ پێشوازیکردن لە فڕۆکەکان و کۆمپانیاى گشتى هێڵى ئاسمانیی عێراقیش دەستی کردووەتەوە بە گەشتەکانی و کاراکردنەوەى هێڵەکان، ئەوە جگە لە کردنەوەى ئاسمانى عێراق بە رووى گەشتى فڕۆکەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ