ژمارەیەک پەرلەمانتار داوا دەکەن بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات

02-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە پەرلەمانی عێراق، واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات؛ بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە. 
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە یەکێکە لەوانەی واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە؛ رۆژی دووشەممە، 02-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ شاندێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە واژۆی 36 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانیان پێبووە، "هاتوونەتە بەغدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی کۆبوونەوە و داوایانکردووە مووچەکانیان خەرج بکرێت و دوور بکەوێتەوە لە ململانێی سیاسی و باسی خراپیی دۆخی فەرمانبەرانیان کردووە. بۆیە ئەمڕۆ لەنێو پەرلەمان دەست بەکۆکردنەوەی واژۆکرا بۆ ئەوەی راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج بکرێت."
 
لە یاداشتەکەدا کە ئاراستەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوە، تێیدا داواکراوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت و راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، بەپێی میکانزمێکی گونجاوی یاسایی و خێرا کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت لەوانە کارتی ئەلیکترۆنیان پێبدرێت و راستەوخۆ مووچەکانیان لە رێگەی بانکەکانی عێراق، کە  نووسینگەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بچێتە سەر هەژمارەکانیان.
 
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە و نزیکەی 50 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی) هەروەها پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی دیکەش واژۆیان کردووە لەوانە یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی و حەسەن موئنیس، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق.
 
بەغدا بڕیاری داوە مانگانە 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم بە قەرز بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێ بدات. حوکمەتی هەرێمی کوردستانیش بەو 700 ملیار دینارە و داهاتی ناوخۆوە لە رۆژی 25ی ئەیلولەوە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز کردووە و دابەشکردنی مووچەکەش تاوەکو 8ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی تەممووزی 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتووە، ئامادەن راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان قبووڵیان نەکردووە.
 
جەمال کۆچەر گوتی، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا و لە رابردوویشدا دژی ئەوە بوون فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ مووچە لە بەغداوە وەربگرن. گوتیشی، "سوودانی گوتی: مانگانە لە 18ـی مانگەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە عێراق دەستپێدەکات و ئامادەین لە هەمان کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە کی کارد دابەش بکەین، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە و گوتوویەتی بە یەک پاکێج بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی، ئەگەر راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگاکانی دیکە دابەش بکەن، دەبێت بیکەنە سیستمی کی کارد و ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە. گوتیشی، "کاتێک بودجە بووە پاکێج، ئەو کاتە لەگەڵ بودجەی پارێزگاکان و بابەتەکانی دیکە دێت کە دوای 25ـی مانگ دەنێردرێت".
 
جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، "من گوتم جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆچی هەرێمی کوردستان ئەوە رەتدەکەنەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: شاندی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتە گرێ دەدەن بە سەروەری و قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە رەتیدەکەنەوە".
 
پەیوەندیدار بەو بابەتە شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بودجە پەسند کراوە و رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە؛ با بفەرموون رێککەوتنەکە جیبەجێ بکەن و لەکاتی خۆیدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرن".
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی، "دەستێک لەنێو حکومەتی عێراقدا بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە؛ سەرەتا لە بودجەدا بڕیارێک پەسند کرا کە بودجەی سلێمانی بە جیا بنێردرێت ئەگەر ناڕازی بوون؛ ئێستاش بیانەوێ راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدەن، ئەی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان چی دەبێت ئەگەر مەبەست لێدان نەبێت لە هەرێمی کوردستان و هەوڵدان نەبێت بۆ بچووککردنەوەی؟"
 
شوان محەممەد جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراق بە گوێرەی دەستوور "ناتوانێت" راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و گوتیشی، "رێککەوتن کراوە و با بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات بە رادەستکردنی 50%ـی داهاتی نانەوتی و پێدانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە؛ سۆمۆ کێشەی لە گواستنەوەیدا هەیە و ئەوە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە