تەندروستیی نەینەوا: ژمارەی گیان لەدەستدان لە رووداوەکەی حەمدانیە گەیشتە 113 کەس
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی نەینەوا، نوێترین ئاماری قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیەش 41 تەرمیان نەناسراونەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 02-10-2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی نەینەوا، نوێترین ئاماری قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ژمارەی گیان لەدەستدانی رووداوەکەی حەمدانیە، بەرزبووەتەوە بۆ 113 کەس و لەو 41 تەرمەی کە نەناسراونەتەوە پێنج تەرمیان شێواون.
لە راگەیێندراوەکەی تەندروستیی نەینەوادا هاتووە، "نموونەی تەرمە نەناسراوەکانمان بۆ دادپزیشکی بەغدا ناردووە بۆ ئەوەی پشکنینی DNA یان بۆ بکرێت بەمەبەستی ناسینەوەیان."
تەندروستیی نەینەوا دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا 12 بریندار رەوانەی دەرەوە کراون و ئامادەکاری بۆ ناردنی هەشت برینداری دیکە دەکرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە ژمارەی بریندارەکان و دابەشبوونیان بەسەر نەخۆشخانەکاندا کراوە، بەم شێوەیە:
نەخۆشخانەی جمهوریی موسڵ، سێ بریندار
تەمەن 15 ساڵ، 96٪ی سووتاوە
تەمەن 51 ساڵ، 71٪ی سووتاوە
تەمەن 58 ساڵ، 42٪ی سووتاوە
هەروەها لە نەخۆشخانەی حەمدانیە، پێنج بریندار ماونەتەوە
تەمەن 47 ساڵ، 25٪ی سووتاوە
تەمەن 70 ساڵ، 8٪ی سووتاوە
تەمەن 59 ساڵ، 6٪ی سووتاوە
تەمەن 37 ساڵ، کە 20٪ سووتاوە
تەمەن 20 ساڵ، 15٪ی سووتاوە
هەروەها، دوو بریندار لە نەخۆشخانەی حەمدانیە نێردراونەتەوە.
لە نەخۆشخانەی گشتیی موسڵیش، یەک بریندار ماوەتەوە.
هەشت بریندار لە نەخۆشخانەی سووتاوی هەولێر (ئیمێرجنسی) چاوەڕوانی رەوانەکردنن بۆ دەرەوەی وڵات و ئێستا 11 بریندار لەو نەخۆشخانەیە ماونەتەوە و یەکێکیش گیانی لەدەستداوە.
لە نەخۆشخانەی دهۆک، شەش بریندار ماونەتەوە و یەکێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش نێردراوەتە دەرەوەی وڵات.