رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە کەسوکارى رووداوى سووتانی هۆڵى ئاهەنگگێڕانەکەى حەمدانیە، لەبەردەم هۆڵە سووتاوەکەوە قسە بۆ رووداو دەکەن و چیرۆکى قوربانیان و چۆنیێنى رووداوەکە دەگێڕنەوە؛ هەیانە هێشتا کەسوکاری نەدۆزیوتەوە و هەشیانە تاسان بە سیمایەوە دیارە.
کەسوکارێکى قوربانییەکان دەڵێ "چوار ئەندامى خێزانەکەمان گیانیان لەدەستدا، یەکێکان منداڵە و تاوەکو ئێستا نەماندۆزیوەتەوە. چووینە نەخۆشخانەکان و بەدوایاندا گەڕاین، قوربانییەکانى دیکەمان دۆزینەوە، بەڵام منداڵەکەمان دیار نییە، لە موسڵ و هەولێر و هەرێمى کوردستان گەڕاین، تاوەکو ئێستا دیار نییە."
شەوى 26ـی ئەیلوول هۆڵى ئاهەنگگێڕانى هەیسەم لە حەمدانیە ئاگرى گرت و، بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهۆیەوە تائێستا (نیوەڕۆی دووشەممە، 2-10-2023) 113 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر 85 کەسی دیکە بریندارن.
ژنێک، کە کوڕ و بووکەکەی لە رووداوەکە لەدەستداوە، وێنەی هەردووکیانی بەدەستەوەیە و لەبەردەم هۆڵە سووتاوەکەدا دەڵێ "کە چوون بۆ ئاهەنگەکە بەشێوەیەکى جوان خۆیان گۆڕی بوو و دڵخۆش بوون، ئەم منداڵەشیان لەگەڵ خۆیان بردبوو، کاتێک هۆڵەکە گڕی گرت، بەدوایاندا گەڕاین و دۆزیماننەوە، بەجلوبەرگى ئاهەنگەوە رۆیشتن و لە تابووتدا گەڕانەوە، خوا ئەوە قبووڵ ناکات."
لیژنەى لێکۆڵینەوەی وەزارەتى ناوخۆى عێراق لەسەر رووداوەکە داواى کردووە، پێنج بەرپرسی حەمدانیە لابدرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
ژنێکی دیکە، بەهۆى ئەوەى منداڵێکى ساواى هەیە، نەچووەتە ئاهەنگەکە، بەڵام ئەویش هاوسەرەکەى لەنێو تابووتدا بۆ گەڕێنرایەوە.
ئەو ژنە دەڵێ "باوکى منداڵەکەم لەبەرچاوم چووە دەرەوە و خۆى گۆڕی بوو، دڵى خۆش بوو کوڕەکەم باوکى لەدەستدا، بەبێ باوک بوو."
تاوەکو ئێستا نزیکەى 42 تەرمى قوربانییانی رووداوەکە لە دادپزیشکى موسڵ نەناسراونەتەوە.
چیرۆکی تراژیدیی قوربانییانی حەمدانیە، لە بەرنامەیەکی تایبەتی رووداودا کاژێر 10:30ـی ئەمشەو (دووشەممە، 2-10-2023) پەخشدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ