رووداو دیجیتاڵ
شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی لە کەرکووک لەسەر سووتاندنی دووکانێک لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک کە پۆستەری ئەوی پێوە هەڵواسرابوو، دەڵێت: "دەستبردن بۆ سەرو ماڵی کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی بە هیچ شێوەیەک شیاوی قبووڵ نییە" و دەشڵێت" ئەوەی ئەو کارەی کردووە لە دەنگ و رەنگی پارتی دەترسێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی 1ی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 02-10-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بە داخەوە، ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکێکی نەفسنزم لە شەو و تاریکیدا خەریکی ئەوەن لێرە و لەوێ زیان لە پۆستەرەکانمان بدەن کە ئەوە بەلای ئێمەوە زۆر گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی کە ئەمشەو روویدا و جیاوازە لە بابەتەکانی دیکە ئەوەیە کە تەنیا لەبەر بوونی پۆستەرێک لەسەر یەکێک لە دووکانەکانی نێو گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکووک کە وێنەی ئێمەی پێوەیە، دووکانەکە سووتێندراوە".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەوە "دیاردەیەکی تازەیە؛ ئەم کارە ئەوە دەسەلمێنێت کە گرفتی ئەمنی لەم شارە هەیە و وەکو پێویست نەتوانراوە هەموو ناوچەکان بپارێزرێن، هاوکات پەیاممان بۆ ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن ئەوەیە کە ئێمە شوێنمان دیارە؛ ئەگەر خەڵکێک بوێریی ئەوەی هەیە رووبەڕووی ئێمە ببێتەوە، جێگەمان لەم شارە دیارە و هاتنەوەشمان بە دزییەوە نەبووە".
پێشتر لە یەکێک لە شەقامەکانی کەرکووک، گەنجێک بە چەقۆیەک پۆستەرێکی گەورەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی لەو شارە دڕاند؛ ئەو کارەی گەنجەکەش بە ڤیدیۆ تۆمارکرابوو و رووخساری گەنجەکەش دەرکەوتبوو، هەربۆیە پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسە دەرکرد. بەڵام دوای ئەوەی گەنجەکە بۆ داوای لێبووردن چووە نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئیدی بەربژێرەکەی پارتی لە گەنجەکە خۆشبوو و بڕیاریدا لای پۆلیسیش سازش لە مافی خۆی لەسەر ئەو رووداوە بکات.
بەڵام لەسەر ئەم رووداوە نوێیە، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "دەستبردن بۆ سەرو ماڵی کادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی بە هیچ شێوەیەک شیاوی قبووڵ نییە ؛ ئەو کەسە لە هەر کوێیەک بێت، لەناو کەرکووک مابێت یان لە دەرەوەی کەرکووک بێت، بە سزای یاسایی خۆی دەگەیێنین".
بەربژێرەکەی پارتی لە کەرکووک دەشڵێت: "ئەوانەی ئەزموونیان هەیە و پارتی دەناسن، دەزانن دەستی پارتی درێژە بۆئەوەی بگاتە هەر تاوانبارێک کە دەست بۆ موڵک و ماڵی ئەندام یان لایەنگرێکی ئێمە ببات".
شاخەوان عەبدوڵڵا، لەبەردەم دووکانە سووتاوەکە، کە هی لایەنگرێکی پارتییە و لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە خورماتووە ئاوارەی کەرکووک بووە و لەو شارە نیشتەجێیە، بەڵێنی بە خاوەن دووکانەکەدا کە دووکانەکەی بۆ نۆژەن بکەنەوە و هاوکاریشی دەبن.
بە بڕوای شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوەی ئەو کارانەی کردووە "لە دەنگ و رەنگی پارتی دەترسێت؛ لەو پێشوازییەی گەرمەی جەماوەری کەرکووک دەترسێت کە رووی لە پارتییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ