دژە تیرۆری عێراق هێرشێکی بۆ سەر زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن پووچەڵ کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، پلانێکی هێرشکردنە سەر زیارەتکارانی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنی لە باکووری بەغدا پووچەڵ کردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی 2020/10/02 دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوون، ئۆپەراسیۆنێکیان لە باکووری شاری بەغدا سازکردووە و تێیدا دوو کەسی خۆکوژیان دەستگیرکردووە کە پلانیان هەبووە خۆیان بە زیارەتکارانی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا بتەقێننەوە.
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق چەند وێنەیەکی ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری بووە.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هات کە لە 20ـی ئەیلوولی رابردوودا ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعشی لە بەغدا راگەیاند کە بە گوێرەی راگەیێندراوی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەو کاتەدا "پلانی هێرشکردنە سەر زیارەتکارانی چلەی مامتەمینیی ئیمام حوسێنی دادەنا."
 
ئێستا لە عێراق رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن بەڕێوەدەچێت کە یەکێکە لە گەورەترین رێوڕەسمە ئایینییەکانی شیعە و ساڵانە ملیۆنان کەس بەشداری تێدا دەکەن، ژمارەیەکی زۆری شیعەش لە دەرەوەی عێراقەوە دەچن و بەشداری دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، شیعەکانی دەرەوەی عێراق ناتوانن وەکو ساڵانی رابردوو بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.
 
لە رێوڕەسمی عاشووردا شیعەکانی عێراق بە پێ لە شارەکانی خۆیانەوە دەچنە کەربەلا و بەشداری دەکەن.