وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: لەسەر دەرکەوتنیان لە تیکتۆک دوو ئەفسەر گواسترانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی عێراق، دوو ئەفسەر و رێگەپێدراوێکی پۆلیسیی رەسافە-ی شاری بەغدای لەسەر دەرکەوتن لە تیکتۆک گواستەوە بۆ سەر سنوور.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 02-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دەرکەوتنیان لە راستەوخۆیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆك، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، دوو ئەفسەر و کارمەندێکی پۆلیسیی رەسافە-ی بەغدای سزاداوە و گواستوونیەتەوە بۆ سەر سنوور." 
 
ئەم ئەفسەرانە، لە راستەخۆیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆك دەرکەوتوون، ناو و پلەی خۆیان دەهێنن، کە موقەدەم ئەسعەد  و ملازمی یەکەم موهەیمەنن، لەگەڵ رێپێدراوێکی پۆلیس بە ناوی حوسێن. 
 
بەگوێرەی دیمەنەکان، حوسێن لە پشت هەردوو ئەفسەرەکەی پۆلیس وەستاوە، ناو و پلەی خۆیان دەهێنن. دواتریش ناوی عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق دەهێنێ، هەموویان دەست بە پێکەنین دەکەن.