هەواڵگریی عێراق: ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵمان زیانی گەورە بە ئاسایشی نەتەوەیی دەگەیەنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگەی هەواڵگریی عێراق نیگەرانیی خۆی لە ژمارەیەک راپۆرتی رۆژنامەڤانیی پەیوەست بە دۆسیەی گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسانی عێراق دەربڕی کە باس لە تێوەگلانی بەشێک لە ئەفسەران و کارمەندانی دەزگەکە دەکات و دەڵێت: "زیانێکی گەورە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەگەیێنێت."

دەزگەی هەواڵگریی عێراق رایگەیاند: "بەدواداچوونی بۆ ئەو لێدوان و بڵاوکراوانە کردووە کە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی و میدیاکار و پێگەی ئەلیکترۆنی باسیان کردووە و سووکایەتیگەلێکی تێدایە کە بەشێک لە سەرکردەکانی دەزگەی هەواڵگری و ئەفسەران و ئەندامانییان کردووەتە ئامانج و تۆمەتی پڕوپووچی تێدابووە کە هیچ راستی و دروستییەکی تێدانییە."
 
دەزگەکە لە پەیامەکەیدا لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراون دەڵێت: ئەوە هەوڵێکە بۆ گومان خستنە سەر کارەکانی دەزگەکە و پیشەییبوونی. "لەکاتێکدا ئەو جۆرە تێپەڕاندنە مەترسیدارانە رەتدەکەینەوە، بە مافی دەزگەی دەزانین ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن و بانگەشەی بۆ دەکەن بدەینە دادگە و لێپێچینەوەی یاساییان لێبکرێت، چونکە زیانی گەورە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەگەیێنێت، بەتایبەت دەزگەکە لەپاڵ دەزگە ئەمنییەکانی دیکە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جیاوازەکان، رۆڵێکی جەمسەریی دەگێڕێت." 
 
دوو هەفتە دەبێت ئاشکرابوونی تۆڕێکی گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی بەرپرسانی سێ دەسەڵاتەکەی عێراق و بەرپرسانی ژمارەیەک پارتی سیاسی و کەسایەتی ئاشکرابووە، بەپێی زانیارییەکان، تۆڕەکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی محەممەد جوحی، کە برازای رائید جوحی، بەرپرسی نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە بەڕێوە براوە.
 
تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو دۆسیە 10 کەس دەستگیرکراون، گوایە بەشێکیان ئەفسەری دەزگە ئەمنییەکانن، لەنێویاندا دەزگەی هەواڵگریی عێراق و گوایە کارەکە بە ئاسانکاریی و هەوڵی ئەوان کراوە.