سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق: مووچەى پەرلەمانتاران زیاد نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق رەتیکردەوە مووچەى ئەندامانى پەرلەمان زیاد کرابێت و دەڵێت: "وەک ئەوەى پێشووە".
 
ئەو روونکردنەوەیە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 2ى ئەیلوول، لەلایەن سەرۆکایەتیى پەرلەمانەوە بڵاوکرایەوە و تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەرلەمان بەشێوەیەکى شەفافانە و لە چوارچێوە یاساییەکاندا کاردەکات و هەر تۆمەتێک رەتدەکەنەوە لە دژی بە راستگۆیی پەرلەمان و پابەندبوون بە یاسا و بڕیارە فەرمییەکان. 
 
ئەو کاردانەوەی لە دواى ئەوە هات کە دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە بە بڕیارێک پەرلەمان گۆڕانکاریى لە مووچەى پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانى کردووە. 
 
نەجوا کاکەیی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "مووچەى پەرلەمانتاران زیاد نەکراوە وەک ئەوەى هەندێک لە کەناڵەکان بڵاویان کردووەتەوە، تەنیا ئەوە داوا کراوە کە لە رووى هەندێک دەرماڵەوە وەک خولەکانى پێشووى لێبکرێت، وەکو ئەوەی ئەوان وەریان گرتووە و بۆ ئەم خولە نەبووە، ئەوە زیادکردنى مووچە نییە کە لە خولەکانى رابردوو زیاتر بووبێت".
 
لە روونکردنەوەکەى سەرۆکایەتیى پەرلەماندا هاتووە، مافى خۆیانە رێوشوێنى یاسایی بگرینەبەر بەرامبەر بە هەر کەسێک کە زیان بە ناو و ناوبانگى پەرلەمان و پەرلەمانتاران بگەیێنێت و راى گشتى چەواشە بکات.
 
مووچەى مانگانەى پەرلەمانتارانى عێراق دەگاتە نزیکەى هەشت ملیۆن دینار، لەو بڕە پێنج ملیۆن دینارى مووچەیە و ئەوى دیکەى دەرماڵەیە.
  
نەجوا کاکەیی گوتى: "ئەم مانگە مووچەکەمان وەک خۆى وەرگرتووە و دەستکارى نەکراوە".