رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى 2024ـی دیاریکرد بۆ تاوتوێکردنى دوو سکاڵاى بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانیى عەرەبی دژ بە پێکهێنانی حکومەتى خۆجێیی کەرکووک دیاریکرد.
یەکێک لە سکاڵاکان راکان جبوورى، پارێزگارى پێشووى کەرکووک بەوەکالەت پێشکێشى کردووە، تێیدا ئاماژەى بەوە داوە بەبێ رەزامەندیی ئەو، وەک سەرۆکى تەمەن و بە بانگەوازى "نایاسایی" یاریدەدەرێکى پارێزگار کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە کراوە، بۆیە پێویستە ئەو کۆبوونەوەیە و ئەنجامەکانیشى هەڵبوەشێندرێتەوە.
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-9-2024) بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەمڕۆ دادگەى فیدراڵى رۆژى یەکەم دانیشتنى لەبارەى ئەو دوو سکاڵایەوە دیاریکرد، کە بێ ئامادەبوونى نوێنەرى سکاڵاکار و سکاڵالێکراو دەبێت."
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب. ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیی عەرەبی و فراکسیۆنى پارتى لێکەوتەوە، کە لەو کاتەوە بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنیان کردووە.
راکان جبوورى: یاریدەدەرەکەم بە نایاسایی داواى کۆبوونەوەى کردووە
سکاڵانامەکەى راکان جبوورى، پارێزگارى پێشوو بەوەکالەت و ئەندامى ئێستاى ئەنجوومەنى پارێزگا لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیى عەرەبی کە دەست رووداو کەوتووە، چوار تێبینى لەسەر دانیشتنى 10ـی ئابى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک تێدایە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە، بە نووسراوى فەرمى سەرۆکى تەمەنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە شوێن و کاتى کۆبوونەوەکە ئاگادارنەکراوەتەوە، کە راکان جبوورى ئەو کات سەرۆکى بەتەمەن بووە.
راکان جبوورى ئاماژەى بەوە داوە، داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە لەلایەن عەلى حەمادى یاریدەدەرى کارگێڕى و هونەرى پارێزگارەوە کراوە، کە "هیچ تایبەمەندییەکى یاسایی نییە و ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک نییە، هیچ دەقێکى یاسایی نییە رێگەى پێبدات ئەو جۆرە رێوشوێنانە بگرێتەبەر."
تێبینییەکى دیکەى سکاڵاکە ئەوەیە، کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا بێ ئامادەبوونى بەتەمەنترین ئەندام و ئامادەیی ئەندامانى دیکەى بووە بە فراکسیۆنە براوەکانى عەرەبی، تورکمانى و کوردستانییەکان؛ هەروەها کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بێ پاساوێکى جێگەی متمانە لە دەرەوەى پارێزگاى کەرکووک کراوە، لەکاتێکدا دۆخى ئەمنیى پارێزگاکە جێگیرە.
لە بەشێکى دیکەى سکاڵانامەکەدا هاتووە، ئەو کۆبوونەوەیە پێچەوانەى مادەى 6ـی دەستوورە، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕى ئاشتییانەى دەسەڵات، بەهۆى ئەوەى فراکسیۆنە "گەورە براوەکانى" هەڵبژاردن پەراوێزخراون.
لە سکاڵاکەدا راکان جبوورى رایگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیەى ئەنجوومەنى پارێزگا، پێچەوانەى یاساى پارێزگا ناڕێکخراوەکانە لە چوارچێوەى هەرێمێکدا و، داواى لە دادگەى فیدراڵى کردووە لەسەر بنەماى ئەو تێبینیانە، کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا و ئەنجامەکانى بە "نەبوو" هەژمار بکرێت و، "هیچ لێکەوتەیەکى یاسایی نەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ