رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەى بۆرى نەوتى بەسرە - عەقەبە شیعەکان دەکاتە دوو بەرە. حکومەت بودجەى بۆ تەرخان دەکات و هەندێک لە پەرلەمانتارەکانى ئەو پێکهاتەیەش دژى دەوەستنەوە، ئەوەش بە پاساوى ئەوەى "نەوت دەگاتە دەستى ئیسرائیل."
بیرۆکەى ئەو پڕۆژەیە بۆ زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ترسی عێراق لە داخستنى گەرووى هورمزە، کە ئەو کاتە تەنیا رێگەى فرۆشتنى نەوتەکەى دادەخرێت، بەڵام بە گوتەى پسپۆرێکى بوارى نەوت، تێچووى هەناردەى نەوت لە بەندەرى عەقەبە نزیکەى 9 ئەوەندەى ئەوە دەبێت، کە لە بەسرەوە هەناردە دەکرێت.
عێراق لە ساڵى 2019ـەوە رووى فرۆشتنى نەوتەکەى ئاراستەی چین و هیندستان کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە 14 ساڵى رابردوودا عێراق 1.7 ملیار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە.
18ـی ئاب، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى دژى پڕۆژەى راکێشانى بۆریی گواستنەوەى نەوتى بەسرە بۆ بەندەرى عەقەبەى ئوردن رەتکردەوە، کە حکومەتی عێراق دەیەوێت تەواوی بکات و، لە خشتەى بودجەى 2024ـدا بڕى 6.4 تریلیۆن دینارى بۆ تەرخانکردووە.
سکاڵاکە، لەلایەن سعوود ساعدی، سەرۆکى فراکسیۆنى حقوق لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکرا بوو. حقوق باڵى سیاسیی کەتائیبى حیزبوڵڵاى عێراقە و رەتکردنەوەکەش لەسەر ئەو بنەمایە بوو، کە بەو شێوازەى سکاڵاکەى پێ پێشکێشکراوە لە تایبەتمەندیی دادگەکەدا نییە.
سعوود ساعدی لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) رایگەیاند، بیریان لەوە کردووەتەوە جارێکى دیکە پەنا بۆ دادگەى عێراق ببەن دژى ئەو پڕۆژەیە؛ گوتیشی، "بەڵگە و نووسراومان لەبەردەستە، کە حکومەتى ئێستا یان ئەوانەى پێشوو یان وەزارەتەکانى عێراق، ئەو قسەیان کردووە، کە ئەو پڕۆژەیە سوودى ئابوورى نییە و ئەگەریش هەیە ببێتە دەرچەیەک بۆ بەفیڕۆچوونێکى زۆر و گەورە لە رووى پارە و سامانى عێراق."
ترسێکى دیکەى هەندێک لایەنە شیعەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ بەندەرى عەقەبە چەند کیلۆمەترێک لە کەناراوانەکانى ئیسرائیل لەسەر دەریاى سوور دوورە.
سعوود ساعدی دەڵێت، "گەرەنتی نییە نەوتى عێراق نەگاتە ئیسرائیل. بەندەرى ئیلات مەودایەکى کەم لە عەقەبەوە دوورە؛ کیلۆمەترێک بۆ کیلۆمەتر و نیوێک لێى دوورە."
ساڵى 2022، حەنان فەتلاوى، پەرلەمانتارى شیعە سکاڵایەکى پێشکێشی دادگەى فیدراڵى کرد بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیە رابگرێت، بەڵام پاساوى دادگە بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکە ئەوە بوو "هێشتا پڕۆژەکە نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە."
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستیپێدەکات و بۆریەکى 1665 کیلۆمەترییە بۆ بەندەرى عەقەبەى ئوردن لەسەر دەریاى سوور. بۆرییەکە دەچێتە ئەنبار، لەوێشەوە دەچێتە بەندەرى عەقەبە لە ئوردن، 690 کیلۆمەترى بۆرییەکە لە خاکى ئەو وڵاتە دەبێت.
ساڵى 1980 کە جەنگى عێراق و ئێران دەستپێکرد، بیرۆکەى راکێشانى ئەو هێڵە وروژێنرا، کاتێک کێشە بۆ هەناردەى نەوتى عێراق دروستبوو لە رێگەى کەنداو و مەترسی ئەوە هەبوو؛ ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانى گوێزەرەوەى نەوتى عێراق.
د. گۆڤەند شێروانى، پسپۆرى بوارى نەوت لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) رایگەیاند، رێگەى دەریاى سوور کە نەوتى عێراقى لێوە هەناردە دەکرێت مەترسی لەسەرە؛ بۆیە حکومەتی عێراق بیر لە رێگەى دیکە دەکاتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەى نەوت لە کەنداوەوە بۆ عێراق تێچووى کەمترە بەراود بە رێگەى عەقەبە کە دەگاتە نۆ دۆلار، ئەوە جگە لەوەى ئوردن و میسر نەوتیان بە کەمتر لە 16 دۆلار پێدەدرێت.
بۆریی بەسرە – عەقەبە ئاسانکارى بۆ هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەورووپا دەکات، لەکاتێکدا ئێستا زۆرینەى نەوتەکەى بە چین و هیندستان دەفرۆشێت، بەڵام دەستبەردارى فرۆشتنى نەوت بە ئەمریکا بووە.
بەگوێرەى ئەو ئامارەى سەنتەرى زانیاریى وزەى ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە 25ـی حەوتى 2010 تاوەکو 23ـی ئابى 2024 کە 14 ساڵ و مانگێک دەکات، عێراق یەک ملیار و 767 ملیۆن و 654 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ