سەرۆکى هەردوو ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و سەلاحەدین دەچنە پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق میوانداریى هەردوو سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و سەلاحەدین دەکات و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى سنوورى ئەو دوو پارێزگایە تاوتوێ دەکرێن.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 2ى ئەیلوول دەکرێت. لیژنەکە بە جیا میوانداریى عادل عەبدولسەلام، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین و ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەکات.
کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، میواندارییەکە بۆ باسکردنى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ئەو دوو پارێزگایە و هاوئاهەنگیى کارى هاوبەش لەگەڵ لیژنەکەیان دەبێت.
1ى تەممووزى 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 17 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئاییندە کران.
شیروان دووبەردانی، ئەندامى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "جگە لە نەینەوا، لە پارێزگاى سەلاحەدینیش سێ گۆڕانکاریى کارگێڕى کراون کە تێبینى لەسەریان هەیە."
ئەو لایەنانەى تێبینییان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە هەیە دەڵێن، ئەو کارە بە شێوەیەکى یاسایی نەکراوە و دەبێت رێکارەکانى خۆبەربژێرکردن و گۆڕانکارى لەو یەکە کارگێڕییانەدا بەگوێرەى رێکارە یاساییەکان بێت.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، ئەمڕۆ 2ى ئەیلوول لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان نووسراو بۆ سەرجەم ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکات بۆ ئەوەى پابەند بن بە هەڵبژاردنى سەرۆکى یەکە کارگێرییەکانى سنوورى ئەو پارێزگایانە بە گوێرەى مادەى 21ى یاساى پارێزگاکان و یاساى ژمارە چوارى هەموارى یاسایى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
مادەی 21ی یاسای پارێزگاکان و یاسای ژمارە 4ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن پەیوەندی بە رێکارەکانی خۆبەربژێرکردن و گۆڕانکاری لە یەکە کارگێڕییەکانەوە هەیە.